خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین دەستیان بەسەر بەشێک لە زانکۆی ئەمستردامدا گرت

ناوەندی هەواڵەکان

ڕۆژێک دوای پێکدادانی خوێندکاران و پۆلیس لە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵەندا، میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، کە خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین، دەستیان بەسەر یەکێک لە کامپەکانی زانکۆی ئەمستردامدا گرتووە.

لە ڕۆژی دووشەمەوە خوێندکارانی لایەنگری فەڵەستین لە دژی جەنگی غەزە دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا پۆلیسی ئەمستردام ڕایگەیاند، کە زانکۆی ئەمستردام داوای لە خۆپیشاندەران نەکردووە خۆپیشاندانەکە ڕابگرن بەڵکو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئامادەن لەگەڵ ئەو خوێندکارانە، گفتوگۆ بکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک و ئاماژەی بەوەشکردووە ناڕەزایەتییەکان زیانێکی بەرچاویان بە بیناکانی زانکۆکان گەیاندووە.

زانکۆکە ڕۆژی چوارشەمە چەند شوێنێکی بەهۆی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە داخست، ئەمڕۆش خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەڵەستین، دەستیان بەسەر یەکێک لە کامپەکانی زانکۆی ئەمستردامدا گرتووە.

هاوکات زانکۆی ئۆترێخت کە نزیکەی ٤٠ کیلۆمەتر لە باشووری ئەمستردامەوە دوورە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە لەسەر داوای خۆیان پۆلیسی ناوچەکە کۆتایی بە خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەڵەستین هێناوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە زانکۆکانی ئەمریکا دژی شەڕی غەزە، زۆرێک لە زانکۆکانی ئەورووپاش، لەوانە فینلاند، دانیمارک، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.

خوێندکارانی زانکۆکان داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی یارمەتییەکانی حکومەت دەکەن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی دژ بە حەماس و هەروەها داوا لە زانکۆکانیان دەکەن دەستبەرداری ئەو کۆمپانیایانە بن، کە بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن یان بە شێوەیەکی تر بەشداری لە هەوڵەکانی جەنگدا دەکەن.

ب.گ

Comments are closed.