گرنگى ڤیتامین دی لە جەستەى مرۆڤدا چیە؟

دکتۆر کامەران ڕەسوڵ دەڵێت، ڤیتامین دی یەكێكە لە ئەو ڤیتامینەنانەی لە ناو چەوری دا ئەتوێتەوە و زۆر جار وەك هۆرمۆنێك كار دەكات و لەش دەتوانێت لەڕێگەی تیشكی خۆرەوەو لەڕێگەی پێستەوە دروستی بكات، دەشڵێت، دەبێتە هۆى ڕێگەگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆڵۆن، كۆم، مەمك و پەنكریاس.

دکتۆر کامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی، لەبارەى گرنگى ڤیتامین دی لە جەستەى مرۆڤدا بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو:-

ڤیتامین دی یەكێكە لە ئەو ڤیتامینەنانەی لە ناو چەوری دا ئەتوێتەوە و زۆر جار وەك هۆرمۆنێك كار دەكات و لە جەستەدا دەتوانێت لەڕێگەی تیشكی خۆرەوەو لەڕێگەی پێستەوە دروستی بكات.

گرنگترین سودەكانی ڤیتامین دی لە جەستەى مرۆڤدا ئەمانەن:-

یەکەم- پاراستنی پتەوی و بەهێزی ئێسقان و ڕێگرتن لە نەرمبوونەوەی ئێسك لە گەورە و نەخۆشی ئێسكە نەرمە ( كساح ) لە مناڵان دا، كە دەبێتە هۆكاری شێوانی شێوە و نەرمی ئێسقان و گەشەنەكردنی مناڵەكە.

دووەم- كورتی باڵا.

سێیەم- ڕێگەگرتن لە تووش بوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆڵۆن، كۆم، مەمك و پەنكریاس.

چوارەم- بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری جەستە.

پێنجەم- كەمكردنەوەی ڕێژەی خەمۆكی.

شەشەم- دابەزاندی ئاستی كۆلیستڕۆڵ.

حەوتەم- یارمەتدانی دابەزینی كێش.

هەشتەم-كەمكردنەوەی ئەگەری تووش بوون بە نەخۆشی شەكرە، بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشی دڵ، جەڵتە، ئەلزەهایمەر و ڕەقبوونی شانەكانی جەستە.

نۆیەم- باشكردنی حاڵەتی ڕەبۆ، بەرزی فشاری خوێن، شەكرە و نەخۆشیەكانی دڵ.

دەیەم- ڕێگەگرتن لە تووش بوون بە كیسی هێلكەدان و نەزۆكی لە ئافرەتان دا .

یانزەیەم- كەمكردنەوەی ئازاری ماسولكە و جومگە و ڕەقبوونی ماسولكەكان

دوانززەیەم- بەرزبونەوەی ئاستی چالاكی و جوڵەی جەستە و كەمكردنەوەی تەمەڵی و سستی جەستە”.

هۆكارەكانی كەمی ڤیتامین دى لە جەستەى مرۆڤدا بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە، کە بریتین لە:-

یەکەم- نە چوونە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەی پێویست، ترسان لە تووش بوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجەی پێست، كە لە ئەنجامی جۆرێك لە تیشكەكانی خۆر ئەگەری تووشبوونی بەرز دەبێتەوە لە حاڵەتی مانەوە لە بەر هەتاو دا بۆ ماوەیەكی زۆر ڕۆژانە بە تایبەت دوای نیوەڕۆ و بەكارنەهێنانی مەرهەم و زەیتی دژە خۆر.

دووەم- نەخواردنی ئەو خۆراكانەی، كە سەرچاوەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین دی وەك جگەر، ماسی، شیر، هێلكە و قارچك.

سێیەم- هەڵ نەمژینی ڤیتامین دی لە ناو جەستەدا لە ئەنجامی نەخواردنی چەوری و ڕێجیمی هەڵە.

چوارەم- لە دەستدانی ڤیتامین دی لە ڕێگەی ڕیخۆڵەوە لە ئەنجامی سك چوونی درێژ خایەن و هەوكردنی هەرسەوە.

پێنجەم- بەكارهێنانی هەندێك دەرمانی وەك زینكال، كە بۆ دابەزاندی كێش بەكار دێت و هەندێك دەرمانی دژە پەركەم وێنەی فەنیتۆین و دەرمانی ستیرۆدی وەك پرندیزۆلۆن.

شەشەم- پێدانی شیری دایك بە مناڵی ساوا بۆ ماوەیەكی زۆر بێ خۆراكی تر یان قەترەی ڤیتامین دی بە تایبەت كاتێك دایكەكە خۆی ڤیتامین دی كەم بێت.

ئ.م

Comments are closed.