ئەو حەوت ھۆکارە کامانەن واتلێدەکات سەرئێشەت ھەبێت؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر هاڤین کەمال دەڵێت، حەوت هۆکار هەیە وات لێدەکات توشى سەرئێشە ببن، کە بەمجۆرەن سترێس و دڵەڕاوکێ، خواردن، خواردنەوەی کھول، ژینگە و سروشت، ھۆرمۆنەکان، لێچونەوە لە خواردنى کافاین و کەم خەوى، دەشڵێت، تێگەشتن لە ھۆکاری درووستبوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبونەوەی سەرئێشەکەت.

دکتۆر هاڤین کەمال پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و بەنج لەبارەى حەوت هۆکار، کە دەبنە هۆى درووستبوونى سەرئێشە بەمجۆرە زانیارى خستووەتەڕوو.

کاتێک، کە تووشی سەرئێشەیەکی توند دەبیت، ئەوەی گرنگەلات کە چۆن کۆتایی پێ بھێنیت، ئەو ئازارە توندییەی لەسەرەتا ھەیە سیستمی ژیانت تێکدەدات و دوات دەخات لە ئیش و کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت.

 ئەگەر تۆ ھەر جۆرە سەرئێشەیەکت ھەبێت، ئایا شەقیقە بێت، یاخود سەرئێشەی سترێس و دڵەڕاوکێ یاخود سەرئێشەی ھێشووی ..ھتد، دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە دووبارەبوونەوەی، بەزانینی ھۆکارەکانی :

یەکەم- سترێس و دڵەڕاوکێ

سترێس دەبێتە ھۆی گرژبوون و ڕەقبوونی ماسولکەکانی شان و مل، کە دەبێتە ھۆی جۆرێک لەسەرئێشە کە پێدەوترێت (سەرئێشەی گرژبوون)، بەمانای ئەوەی کێشەکە لە ماسولکەکانەوە دەست پێدەکات و بەسەر ئێشە کۆتایی دێت، ھەروەھا سترێس بەھەمان شێوە سەرئێشەی شەقیقەش زیاد دەکات.

دووەم- خواردن

برسێتی، سەرئێشەی گرژبوون و شەقیقە زیاد دەکات، بەڵام ھەندێک خواردنیش دوبارەبوونەوەی سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات بۆ نمونە؛ ھەندێک کەس بە پاقلەمەنی و چەرەزاتەکان سەرئێشەکەیان زیاد دەکات، ھەندێک بەھەندێک خواردنی تری وەک؛ ئەڤۆکادۆ، مۆز، پەنیر، ترشی، شیرەمەنییەکان، شوکولاتە، پیاز، زۆربەی خواردنە ئامادەکراو و موعەلەب و فاست فودەکان ئەوانەی ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تیادایە، ئازاری سەر زیاد دەکەن.

سێیەم- خواردنەوەی ئەلکھول

یەکێکە لەھۆکارەکانی توشبون بە شەقیقە و سەرئێشەی ھێشووی، زۆربەی کەس دوای خواردنەوەی شەرابی سوور تووشی سەر ئێشە دەبن،ھەتا ئێستا نەزانراوە، کە ئایا ئەلکھول خۆیی ھۆکاری سەرئێشەیە، یاخود پێکھاتەیەکی تری ناو خواردنەوە کھولییەکانە.

چوارەم- ژینگە و سروشت

سەرئێشەی ھێشووی زیاتر لە ھەندێک وەرزدا ڕووئەدات و زیاتر لە بەھار و پایزدا رێژەی زیاد دەکات و ئەوەی ڕوونە و زاناکان کۆکن لەسەری ئەوەیە؛ پێکھاتەیەک لە ژینگەی ئەو وەرزانەدا دەبێتە ھۆکار، بەڵام بە تەواوەتی چییە نازانن !

ھۆکارە ژینگەییەکانی وەک؛ تیشکی ڕووناکی ڕاستەوخۆ، دوکەڵ، شێداری، بۆنی تیژ، کەشوھەوای سارد، پەیوەندیان ھەیە بە سەرئێشەی شەقیقەوە.

پێنجەم- ھۆرمۆنەکان

گۆڕان لە ڕێژەی ھۆرمۆنی “ئیسترۆجین” ، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە بەسەرئێشەی شەقیقەوە لە ئافرەتاندا . سووڕی مانگانە لە ئافرەتە گەنجەکاندا سەرئێشەی شەقیقە زیاد دەکات، ھەروەھا ھەندێک جار گۆڕان لەڕێژەی ئەم ھۆرمۆنە سەرئێشە زیاد دەکات ، بەتایبەت لەوانەی وەک چارەسەر بەکاریدەھێنن . لە زۆربەی ئافرەتاندا بەوەستانی سووڕی مانگانە ئازاری شەقیقەش کۆتایی دێت.

شەشەم- لێچوونەوە لە کافایین

ئەگەر تۆ لەو کەسانە بیت کە کافایین بەڕێژەیەکی زۆر بەکاردەھێنن، ئەویش بەخواردنەوەی چا، قاوە، خواردنەوە گازییەکان بەڕێژەیەکی زۆر . ئەگەر لەناکاو بیبڕیت و بوەستیت لەبەکارھێنانی، سەرئێشەی شەقیقەکەت زیاد دەکات، چونکە کافایین بۆری خوێنەکان گرژ دەکات، بەبێ کافایین بۆری خوێنەکان دەکشێن و دەئاوسێن، کە ئەمیش یەکێکە لە ھۆکارەکانی دروستبوونی سەرئێشەی شەقیقە.

حەوتەم- کەمخەویی

کەمخەویی ھۆکارێکە بۆ درووستبونی ئازاری سەر ئێشەی گرژبوون و ھەروەھا سەرئێشەی شەقیقە . ھەر بۆیە پشوودان و سەرخەوشکاندن زۆربەی جار دەبێتە ھۆی نەمانی سەرئێشەکە.

چارەسەر چییە ؟

تێگەشتن لە ھۆکاری دروستبوونی سەرئێشەکەت باشترین چارەسەرە بۆ ڕێگریگرتن لە دووبارەبونەوەی سەرئێشەکەت . ھەر بۆیە باشترە، کە دەفتەرێکی یادەوەری دابنێت بۆ کاتی دروستبوونی ئازارەکەت و چیت خواردووە لەو ڕۆژەدا، چەندی خایاندووە و بەچی باش بوویت، بینوسیت . ئەگەر بەم ڕێگایە چارەسەر نەبوو ، دەتوانیت ڕای پزیشکەکەت وەربگریت و ڕێگا گونجاوەکانت بۆ ھەڵبژێرێت، ئایە لە ڕێگای دەرمان بێت، یاخود دەرزی ئاژنین، میدیتەیشن، باێۆفیدباک تیکنیک، بۆتۆکس بەکاربھێنێت بۆت .

ئ.م

Comments are closed.