بەرخۆدانی مەخموور بەردەوامە و عێراق دەیەوێت ئاویان لەسەر ببڕێت

بەرخۆدانی پەنابەرانی مەخموور، لە دژی تەلبەندکردن و گەمارۆدانی کامپەکەیان،  ماوەی دە ڕۆژە بەبێ وەستان بەردەوامە، سەربازانی سوپای عێراق سەرەڕای لێدانی خەندەق و هەوڵی تەلبەندکردنی کامپەکە، دەیانەوێت ئاو لەسەر خەڵکی کامپەکە ببڕن.

سوپای عێراق لە ٢٠ی ئایارەوە هەوڵدەدات کامپی پەنابەرانی مەخموور تەلبەند بکات، بۆ ئەوەش سەدان سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆیان، بۆ دەوری کامپەکە ناردووە و سوورن لەسەر گەمارۆدانی کامپەکە، پەنابەرانی مەخمووریش سوورن لەسەر بەرخۆدان .

خەڵکی کامپەکە، دە ڕۆژە، بەبێ وەستان  لەدژی ئەو سیاسەت و هێرشانە لەسەر پێن، سەربازانی عێراقیش سوورن لەسەر گەمارۆدانی تەواوەتی کامپی مەخموور،  ئەمە لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوویان لەگەڵ دانیشتووانی کامپەکە، بەڵێنیان دابوو کە تەلبەندی نەکەن، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێداگیری دەکەن و هێز بەکاردەهێنن.

لە نوێترین هێرش و سیاسەتی سوپای عێراق لەسەر کامپەکە، دەیانەوێت ئاوی کامپەکە ببڕن، هەر بۆیە دوێنێ هەوڵیان دا دەوروبەری بیری ئاوی کامپەکە بگرن و دەستبگرن بەسەریدا، بەڵام جارێکی دیکە دانیشتوانی کامپەکە لەبەردەم ئەوەدا ڕاوەستانەوە و ڕێگرییان کرد لەوەی ئاو لەسەر کامپەکەیەنا ببڕدرێت،

ب.گ

Comments are closed.