پێنج ساڵە بنکەی وەرگرتنى گەنم لە کۆیە داخراوە و حکومەت نایکاتەوە

کۆیە

جوتیارانی سنووری شارۆچکەی كۆیە، نیگەرانن لەوەى حکومەتى عێراق هەموو بەرهەمەكانیان لێ وەرناگرێت، بۆ ئەوەش داوا دەكەن، بنكەی وەرگرتنی گەنم لە شارۆچکەکەیان بكرێتەوە، كە ماوەی پێنج ساڵە داخراوە، قایمقامی کۆیەش، وەک جوتیاران کردنەوەی بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت: لەهەوڵداین بۆ دروستکردنی سایلۆ لە شارۆچکەی كۆیە.

لەئێستادا وەرزی دروێنەکردنی بەرهەمی دانەوێڵە، لەناوچە جیاوازەکانى هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، جوتیارانی سنووری شارۆچکەی کۆیەش دەستیان كردووە بە دروێنەکردنى بەرهەمەکانیان، بەڵام جوتیارانى سنوورەکە ناڕازین، چونكە ئەمساڵ بەرهەمیان زۆرە و پێویستی بە ساغ كردنەوە هەیە، لەلایەک بنکەی وەرگرتنی گەنم لە شارۆچکەکەیان داخراوە و لەلایەکیتر هێشتا وەرگرتنی هەموو بەرهەمەکانیان لەلایەن حکومەتەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە.

فەقی فەتاح

فەقێ فەتاح، یەكێكە لە جوتیارەکانى دەشتی كۆیە کە گەنمی چاندووە و ئێستا سەرقاڵی دروێنەکردنییەتى و ئاماژە بەوە دەکات، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم و جۆ زۆرە و زیاتر لە یەك و ١٥ـی بڕیوە، بەڵام لەئێستادا كێشەی ساغ كردنەوەی بەرهەمەکانیان هەیە، چونكە بەوتەى خۆی حكومەت ڕێژەیەكی زۆر كەم لە جوتیاران وەردەگرێت، ئەمەش زیانی زۆریی بە جوتیارانی سنوورەكە گەیاندووە.

ئەو جوتیارەى دەشتى کۆیە بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە بەغدا داوای مافەكانی جوتیارانی كورد لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بكەن، بۆ ئەوەی جوتیاران زەرەرمەند نەبن، چونكە گەر بەرهەمەكانمان لێ وەرنەگرن ناچارین بەهەرزان لە بازاڕ بیفرۆشینەوە.

قاسم عەبدوڵا

قاسم عەبدوڵا جوتیارێكی دیکەی سنووری دەشتى کۆیەیە، داوا دەكات بنكەی وەرگرتنی گەنم لە شارەكە بكرێتەوە كەماوەی پێنج ساڵە داخراوە، وەک خۆی دەڵێت: لەماوەی ڕابردوو بڕیار بوو بكرێتەوە، بەڵام جێبەجێ نەكراوە، ئەگەر بنکەى وەرگرتنى گەنم نەكرێتەوە زیانی زۆر بەجوتیارانی ناوچەكە دەگەیەنێت، لەبەرئەوەی ناچارن بەرهەمەكانیان ببەنە هەولێر كە ئەوەش كاتی زۆر و خەرجی زیاتری دەوێت.

رەشید حەمید

نەبوونی بنکەى وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی دەشتى کۆیە و وەرنەگرتنى کۆی بەرهەمەکانیان، نیگەرانى زیاتری لای جوتیاران دروست کردووە، ڕەشید حەمید، وەكو جوتیارانی تری سنوورەكە هەمان نیگەرانی و داواكاری هەیە، دەڵێت: گەر حكومەت هاوكاریمان نەكات و گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵی نەدات، ئەوا ئێمەش ناتوانین بەردەوام بین، بۆیە لە هەرێمی كوردستانیش كەس گوێ لە داوكاریەكانمان ناگرێت.

تاریق حەیدەری

لەسەر داواکاریی و نیگەرانى جوتیارانی دەشتى کۆیە، تاریق حەیدەری، قایمقامی كۆیە بە ڕۆژنیوزی وت: حكومەتی عێراق پێشتر ڕایاگەیاندبوو كە پێویستیەكانی ئەو بنكەیەی شارەكە دابین بكەن بۆ ئەوەی  بەڕووی بەرهەمی جوتیارانی سنوورەكە بكرێتەوە، بەڵام دواتر بە بەپاساوی ئەوەی دەبێت جارێكی تر گەنمەكە بگوازرێتەوە و لەبەر مەترسی باران بارین كردنەوەی بنكەكەیان هەڵوەشاندەوە، ئەمەش ئەركی جوتیارانی گران كردووە، چونكە بۆ ڕادەست كردنی چەند تۆنێك گەنم، دەبێت بچێنە هەولێر كە جگە لە چاوەڕوانی دەبێت پارەیەكی زۆر خەرج بکەن.

قایمقامی کۆیە وتیشی: لەهەوڵداین بۆ ئەوەی سایلۆ لە شارۆچکەی كۆیە دروست بكرێت، تاوەكو چیتر جوتیاران تووشی ئەو گرفتە نەبنەوە و زۆرترین جوتیار لێی سودمەند ببن.

لەسنووری شارۆچکەی کۆیە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە و مەزەندەش دەكرێت زیاتر لە ١٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمیان هەبێ، هاوكات كۆیە سەنتەری هەرێمی كوردستانە دەكرێت سایلۆی بۆ دروست بكرێت و لە چوار لاوە گەنمی بۆ بهێنرێت، چونكە كۆیە كەوتووەتە ناوەندی جوگرافیای هەرێم، هەروەها كارگەی ئاردی لێیە كە ساڵانە هەزاران تۆن گەنمی بۆ دەهێنرێت و دەكرێت بە ئارد و ڕەوانەی بریكارەكانی خۆراك دەكرێت.

هـ.ح

Comments are closed.