هەپەگە ئەنجوومەنی ئاسایشی پەدەکە بەدرۆ دەخاتەوە

هەپەگە بە ڕاگەیاندراوێک پڕوپاگەندەکانی پەدەکەی بەدرۆخستەوە، کە گوایە پەکەکە محەمەد میرزا سندی کوشتووە و ڕایگەیاند:” هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوەوە نییە، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەم ڕووداوە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەکەمان، ئەمە هەوڵەش بە مەبەستە.”

شەوی ٢٣ـی ئەم مانگە، لە شارۆچکەی زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆک، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب تەقییەوە و ئاگری گرت، دواتر دەرکەوت کە محەمەد میرزا سندی، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستنی سیخوڕیی پەدەکەی تێدابووە و سووتاوە.

دەمودەست لەو بارەیەوە کۆمەڵیک زانیاریی خرانەڕوو لەلایەن چاودێران و کەسانی ئاگادار لە دۆخی پەدەکە و سنوورەکەوە، باس لەوە کرا، کە ناوبراو بەهۆی کێشە و ناکۆکی ناوخۆیی ئەو حزبەوە لەلایەن پەدەکەوە تیرۆرکراوە، سەرەتا پەدەکە بەهیچ جۆرێک خاوەندارێتی لەو بەرپرسەی پێشووی پاراستن نەکرد و لە میدیاکانی خۆشییەوە تەنها وەک “شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە” ناوی هێنا.

بەڵام شەوی ڕابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی پەدەکە و میدیاکانی ئەو حزبە، سیناریۆیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، گوایە پەکەکە محەمەد میرزا سندی کوشتووە.

ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، لە بارەی ئەو تۆمەتانەی پەدەکەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەدرۆی خستنەوە، هەپەگە ڕایگەیاند:” هیچ پەیوەندییەکمان بەو ڕووداوەوە نییە، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە پشتڕاستی بکاتەوە، بەڵام هەوڵدەدەن ئەم ڕووداوە بخەنە ئەستۆی بزووتنەوەکەمان، ئەم هەوڵەش بە مەبەستە.”

هەپەگە جەختی لەوەش کردەوە، کە وەک هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە، هیچ پەیوەندییەکیان بەو ڕووداوەوە نییە.

ب.گ

Comments are closed.