یەنەکە: پارتى ڕازی نییە کوردێک بکرێتە پارێزگاری کەرکووک

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەنەکە ڕادەگەیەنێت، پارتى چەند ساڵە ڕێگەى نەداوە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت، ئەگەر وا بڕوات تا ١٠ ساڵی دیکەش ناهڵێت پارێزگار بۆ کورد بێت.

شاڵاو عەلی عەسکەری ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکە لەبارەى پۆستى پارێزگاری کەرکووکەوە بۆ میدیاکانى حزبەکەى هەڵوێستی یەکێتی و پەدەکەى ڕوونکردەوە.

شاڵاو عەلی عەسکەری وتی: لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لایەنە کوردییەکانى کەرکووک غەدرێکی گەورەیان لە کورد کرد، ئەگەر هەمووان بەیەکەوە بچوونایەتە هەڵبژاردنەوە کورد دەبووە زۆرینە و بۆ دوونیامان دەسەلماند، هەرچەندە ئێستاش کە هەزۆرینەیە.

وتیشی: تا ململانێیەکان بەمجۆرە لەگەڵ پارتى بەردەوام بێت، پارتى هەرگیز قبوڵ ناکات پۆستى پارێزگاری کەرکووک بۆ یەکێتی بێت، بۆیە ئەم ناکۆکییانەى ناوهەرێم بەتایبەت لەسەر هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر کەرکووک هەیە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەنەکە ڕەخنە لە جەلال تاڵەبانی سکرتێری پێشووی یەنەکە وسەرکردایەتى حزبەکەى دەگرێت کە بۆ یەکبوونى کورد زۆریان داوە بەدەم پارتییەوە، بۆیە دۆخەکە بەمەى ئێستا گەیشت، یەکێتى هەرگیز مەرجی بۆ کاندیدێکی پارتى بۆ هیچ پۆستێک نەبووە، بەڵام پارتى ئێستا گرفتى بۆ کاندیدی یەکێتى بۆ پۆستى پارێزگاری کەرکووک دروست کردوە.

شاڵاو عەلی عەسکەری دەشڵێت: چەند ساڵە کەسێکی عەرەب پارێزگاری کەرکووکە بەهۆی ئەوەى پارتى ڕازی نەبوو کەسێکی کورد یان یەکێتى پارێزگار بێت، ئەوە چەند ساڵە کەرووکییەکان بەوەوە دەناڵێنن، ١٠ ساڵی دیکەش بڕوات پارتى قبوڵی ناکات کاندیدی یەکێتى ببێتە پارێزگار.

هەر لە قسەکانیدا ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسی یەنەکە جەختیکردەوە، یەکێتی چیتر مەرجەکانی پارتى قبوڵ ناکات و دەشڵێت: یەکێتى لەمەودوا عینادی لەگەڵ پارتى دەکات و ئەو ئاڕاستەیە دەگرێتە بەر.

زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بەڕێوەچووە و کورد ٧ کورسی لە ئەنجومەنى پارێزگای کەرکووک بەدەست هێناوە، بەڵام تائێستا کەسێک بۆ پۆستى پارێزگاری کەرکووک دیاری نەکراوە بەهۆی ناڕازیبوونى پەدەکە لەسەر کاندیدێکی کورد و یەنەکە بۆ ئەو پۆستە.

هـ.ح

Comments are closed.