ئێستا شارباژێڕ و قەندیل و باڵەکایەتی بە چڕیی بۆردوومان دەکرێت

پەیامنێران

ئێستا فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە یەک کاتدا سنووری شارباژێڕ و باڵەکایەتی و بناری قەندیل بە چڕیی بۆردوومان دەکات و فڕۆکەکانیان زۆر بە نزمی بە ئاسمانی ئەو ناوچانەدا دەسووڕێتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە هەرێمییەکان و پەیامنێرانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە ئێستادا فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بە نزمی بە ئاسمانی هەریەک لە سنووری (شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بناری قەندیل و دەڤەری ڕاپەڕین و باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر) دەسووڕێنەوە و بە چڕیی بۆردوومان دەکەن.

لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە هەرێمییەکان ١٠ جار لەسەر یەک فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، بۆردوومانی کردووە و هێشتا دەنگی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکەدا دەبیسترێت.

هەروەها پەیامنێڕمان لە سنووری بناری قەندیل و دەڤەری ڕاپەڕین پێی ڕاگەیاندین کە لە بۆڵێ و دۆڵی شاورێ لە بناری قەندیل دەنگی فڕۆکە دەبیسترێت و بدەنگی بۆردوومان بیستراوە.

هەمان کات لە شارەدێی ئیسێوەی سەر بە دەڤەری ڕاپەڕین بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە پەنجەرەی بەشێک لە ماڵەکان شکاوە، هێشتا فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە و چیای قەندیل بە چڕی بۆردوومان دەکرێت.

دڵشێر ئیبراهیم هاوسەرۆکی بناری قەندیل بۆ ڕۆژنیوز زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، لە ئێستادا زۆر بە نزمی فڕۆکەی چاودێریی و جەنگی دەوڵەتی تورک بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.

هەر بە گوێرەی زانیاری پەیامنێڕمان لە دەڤەری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر، فڕۆکەی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زۆر بە نزمی دەسووڕێتەوە و دەنگی بۆردوومان بیستراوە.

ب.گ

Comments are closed.