هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کرا

ناوەندی هەواڵەکان

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەکەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکراوە و ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە.

سلێمان ئەحمەد هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە پاش سەردانیکردنی کەسوکارەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەلەب، کە خەڵکی ناوچەی جندرێسن لە عەفرینی داگیرکراو و پاش داگیرکردنی شارەکەیان ئاوارەبوون، سلێمان ئەحمەد لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور دەستگیرکراوە و ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان، لە مانگی ئەیلوولەوە، بۆ سەردانی خێزانەکەی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فەرمی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە دەستگیر کراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک،  ماوەی پێنج ڕۆژە بێسەروشوێنە و پەیوەندیمان لەگەڵیدا پچڕاوە.

سوڵتانا ئەحمەد، دایكی سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند: دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨ لە شاری عەفرین ئاوارەبوون، کوڕەکەیان بە مەبەستی كارکردن چووەتە شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەكەی پەیدا بكات، دوای كۆچی دوایی باوكی و شەهیدبوونی بڕاكەی، سلێمان ئەحمەد گەڕاوەتەوە بۆ شاری حەلەب بۆ لای خێزانەكەی، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی فیشخابوورەوە پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە.

ئێمە وەک ئاژانسی ڕۆژنیوز، ئەم مامەڵەیەی پەدەکە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین و  داواکارین دەستبەجێ چارەنووسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، لە ئێستادا سەلامەتی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ئەستۆی پەدەکەدایە.

ب.گ

Comments are closed.