ناوەندی هەواڵەکان
لە بەیاننامەیەکدا، ئاژانسی ڕۆژنیوز لەبارەی ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی، لەلایەن ئاسایشی پەدەکە و داتاشینی تۆمەتی ناڕەوا و چەواشەکارانەوە ڕایدەگەیەنێت: ئێمە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی ئاسایشی پارتی لە دهۆک، ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین، بە هەوڵێکی ترسنۆکانەی دەبینین لە بەرامبەر دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارتی دەیەوێت ئەم کەیسەش هاوشێوەی کەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات .
ئەمڕۆ، لە ماڵی سندی لە شاری سلێمانی، ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لەبارەی ڕفاندن و بێسەروشوێنكردنی سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، لەلایەن ئاسایشی پەدەكەوە ئەنجامدا.
سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، پاش گەڕانەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ باشووری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمیی و یاسایی، لە دەروازەی فیشخابوور، لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە دەڕفێندرێت، ماوەی حەوت ڕۆژەیشە بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت و لەوبارەوە ئاژانسى ڕۆژنیوز ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.
بەیاننامەکەی ئاژانسی ڕۆژنیوز بەم شێوەیەیە:
-بۆ ڕای گشتی
- سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان و عێراق
- نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) و سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و مافی مرۆڤ
- سەرجەم نوێنەرایەتی و کۆنسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان
ماوەی یەک هەفتەیە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە، شەوی ڕابردووش ئاسایشی دهۆک دانیان بەوەدا نا کە ئەوان ڕفاندوویانە، سلێمان ئەحمەد هاوڵاتی ڕۆژئاوای کوردستانە و ماوەی پێنج ساڵە لە باشووری کوردستان دەژی و لەگەڵ ئاژانسەکەمان کاردەکات، لە ١ـی تشرینی یەکەم، بۆ بەشداریکردن لە پرسەی باوکیان و سەردانیکردنی خێزانەکەی، بە شێوەیەکی فەرمی چووبووە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان، لە دەروازەی فیشخابوورەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ڕفێندراوە بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێکی یاساییان هەبێت و هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن، لەو کاتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئێمە و خێزانەکەیدا پچڕاوە، سلێمانی ئەحمەد ڕۆژنامەنووسێکی کارا بووە و لەو پێنج ساڵەدا بەبێ دابڕان کاری کردووە هاوکات ئەندانی یەکێتی ڕاگەیاندنی ئازاد-یەرەئایە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
پاش هەفتەیەک لە بێسەروشوێنبوونی، شەوی ڕابردوو ئاسایشی پارتی لە دهۆک لە ڕاگەیاندراوێکی چەواشەکارانە و ناڕاستدا، باسیان لەوە کرد گوایە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد “پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە” و بە ڕوونی هەڕەشەی سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کرد و دانیان پێدا نا کە ڕفاندوویانە.
ئێمە وەک ئاژانسی (ڕۆژنیوز) سەرلەبەری ئەو تۆمەت و چەواشەکارییانەی ئاسایشی پارتی لە دهۆک، ڕەت دەکەینەوە و ئیدانەی دەکەین، بە هەوڵێکی ترسنۆکانەی دەبینین لە بەرامبەر دەنگی ئازادی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارتی دەیەوێت ئەم کەیسەش هاوشێوەی کەیسی زیندانییانی تری بادینان بە لاڕێدا ببات و لەسەر بنەمای تۆمەتی ناڕەوا سزای قورسی زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد-دا بسەپێنن.
ئێمە، وێڕای ئیدانە و سەرکۆنەکردنی ئەم کردەوەیە داواکارین بە زووترین کات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و ئازاد بکرێت، سەلامەتی گیانی ئەو لە ئەستۆی ئاسایشی پارتی دایە.
٣١ـی ١٠ـی ٢٠٢٣
ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز – کۆمپانیای چەتر
Comments are closed.