CPJ: پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج سلێمان ئەحمەد ئازاد بكرێت

ناوەندی هەواڵەکان

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، لەبارەی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ڕایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکەن و بێ مەرج ئازادی بکەن، هەروەها هەراسانکردنی ڕۆنامەنووسانیش کۆتایی پێبێنن.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکدا بەرامبەر ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز ڕایگەیاند، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکەن و بێ مەرج ئازادیی بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هیچ کام لە بەرپرسانی پەدەکە لە سنووری دهۆک ئامادە نەبوون لەبارەی هۆکاری ڕفاندن و بێسەروشوێن کردنی سلێمان ئەحمەد ڕوونکردنەوە بدەن.

لە ڕاگەیاندراوەکەی سی پی جەیدا هاتووە، ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، کە هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی هەواڵی “ڕۆژنیوز”ە و هاوڵاتی سووریایە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە لە دەروازەی فیشخابوور ڕفێندراوە و شوێنی دیار نییە.

شەریف مەنسوور، ڕێکخەری پڕۆگرامی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دووپاتی کردەوە، کە دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستبەجێ شوێنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکەن و بێ مەرجیش ئازادی بکەن، جەختی کردەوە، بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هەراسانکردن و توندوتیژییەک دەبنەوە، هەر لە دەستبەسەرکردنی نایاساییەوە تا ئەشکەنجە و هێرشی جەستەیی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسان بدەن کاری ڕۆژنامەوانی بکەن بە ئازادی، و بێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە کار بکەن.

سی پی جەی ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەندین حاڵەتی دەستبەسەر کردن و دەستگیر کردن و هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسانیان لە هەرێمی کوردستان بە بەڵگەوە تۆمارکردووە.

هەروەها کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، کە بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پەیوەندییان کردووە بە هەریەکە لە عەلی عەونی، بەرپرسی لقی یەکی پەدەکە کە دەسەڵاتی دهۆکی لە دەستدایە و زێرەڤان بەرۆشکی، بەڕێوەبەری ئاسایشی دهۆک، هیچیان وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەداوەتەوە، هاوکات ئاشتی مەجید، وتەبێژی ئاسایش لە دهۆک و هەولێر، هەمان وتەی بڵاوکراوەکەی فەیسبووکی بە سی پی جەی ڕاگەیاندووە.

ئەم ڕاگەیاندراوەی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)، لەکاتێکدایە، ماوەی هەشت ڕۆژە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، بەبێ هەبوونی هیچ هۆکارێکی یاسایی و بێ ڕوونکردنەوە لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ڕفێنراوە و بێسەروشوێنە.

ش.ئـ

Comments are closed.