جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی منداڵان تا چەند منداڵانی پاراستووە؟

ناوەندی هەواڵەکان

٣٣ ساڵ لەمەوبەر وڵاتان ڕێککەوتنێکیان بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان واژۆ کرد، بەڵام ئەوە تەنها نووسراوێکە و لە ئێستادا بەهۆی جەنگ و ململانێکانی سیستمی دەسەڵاتدارییەوە یاخود هەژاریی و برسێتیی ژیانی ملیۆنان منداڵ لە مەترسیدایە و لە مافەکانیان بێ بەشن.

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان ڕێککەوتنامەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافەکانی منداڵانیان واژۆ کردووە، بەڵام هەر بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتخوازی و چاوچنۆکی ئەو دەوڵەتانە، منداڵان لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندرووستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە و قوربانیی یەکەمی سیاسەتی شەڕ و داگیرکارییەکانن.

جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی منداڵان، کە لە ٢٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٨٩دا، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگـرتووەکانەوە دەرچووێندرا، لە ٥٤ مادەدا مافەکانی منداڵانی تێدا نووسرایەوە، تا ئێستا ١٩٦ وڵات لە جیهاندا بە تورکـیا و ئێـران و عـێراق سووریـاشەوە، واژۆی ڕێککەوتـنـنامەکەیـان کـردووە، هـەمـووشیان بەڵـێنـیان دا، کە پابـەنـدی جـێبەجێکـردنی هەمـوو مـادەکانی جاڕنامەی مافەکانی منـداڵان دەبـن، بەبێ جیاوازیش ڕێـز لە منـداڵانی گەلەکانیان دەگرن ومافەکانیان دابین دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان چوونەتە ناو ئەو ڕێککەوتننامەیە، بەڵام منداڵان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندرووستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندوتیژیی و سەختی گوزەران دەبنەوە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی، کە جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ بوونیان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی یونسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتە بە پاراستنی مافەکانی منداڵان، لە تەواوی جیهان نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن منداڵ ڕۆژانە کەمتر لە یەک دۆلاریان هەیە و بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی خێزانی و تەندرووستی و کەمی خۆراک دەبنەوە.

ئیستا هەریەک لە ئەفغانستان، سووریا، یەمەن، نەیجیریا، لیبیا، سۆماڵ، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن، کە منداڵان تیایاندا قوربانیی یەکەمە و زیاتر لە نیوەیان بێبەشن لە چاودێریی خێزانیی و حکومەت، بەهۆی توندوتیژییەوە لە پێنج خولەک جارێکدا منداڵێک گیان لەدەستدەدات.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، زیاتر لە ٣٧ ملیۆن منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون پێشبینیش دەکرێت بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئۆکراین و ڕوسیا و توندبوونەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەکە زۆر زیاتر بەرزببێتەوە.

لە شەڕ و پێکدادانەکانی چەکدارانی حەماس و سووپای ئیسرائیل-دا بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندرووستی فەڵەستین، تا دوێنێ، ١٢ هەزار و ٣٠٠ كەس لە غەزە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٣٢ هەزار كەس، كە پێنج هەزار كەسیان منداڵن و سێ هەزار و ٣٠٠ كەسیان ژنن، بەوەش ژنان و منداڵان ٧٥٪ـی قوربانییەکانن.

دۆخی منداڵان لە عێراق

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی دیاردەی کارکردنی منداڵان و تەنانەت بازرگانیکردن بە منداڵان تێیدا بە زەقی دەرکەوتووە، شارەزایانی کۆمەڵناسی و پسپۆڕان، هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێننەوە، کە بریتین لە: خراپی ڕەوشی ئابووریی، نەبوونی پلانی بنەماڵەکان بۆ منداڵ خستنەوە، زوو هاوسەرگیرییکردن (واتە هاوسەرگیرییکردن پێش تەمەنی ١٨ ساڵ) و قوڵبوونەوەی ململانێ سیاسیییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی یونسێف لە پێنج منداڵی عێراقیدا دووانیان گیرۆدەی هەژاری و ناچار بە کارکردنن، کە دەکاتە سێیەکی کۆی منداڵانی ئەو وڵاتە پێویستیان بە هاوکاری هەیە و بەشێک لەو منداڵانەش وازیان لە خوێندن هێناوە.

هەروەها بەپێی بەدواداچوونێکی فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، کە لەناو خێزانەکانی عێراق ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە بەهۆی شەڕ و قوڵبوونەوەی گەندەڵیی، کارکردنی منداڵان زیادی کردووە.

بەپێی ڕاپرسییەکە، کە لەسەر ٤١١ خێزان و ٢٦٥ منداڵ ئەنجامدراوە، نزیکەی ٪٩٠ـی خێزانەکان “یەک یان زیاتر لە منداڵەکانیان کار دەکەن”، کە نزیکەی ٪٧٥ ئەم منداڵانە کاری سەخت و مەترسیدار ئەنجام دەدەن وەک کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک.

لە پاڵ هەژاریی و کارکردنی منداڵاندا، جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ مۆتەکەیەکی دیکەن بۆ منداڵانی عێراق، لە ڕاپۆرتێکی دیکەی ڕێکخراوی یونسێفدا ئاشکرا کراوە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٣، لە عێراق بەھۆی پاشماوەی جەنگ و بۆمب و تەقینەوەکانەوە ٥١٩ منداڵ گیانیان لەدەستداوە یاخود کەمئەندام بوون، کە ٨٠٪ـی ئەو منداڵانە کوڕ بوون.

ڕەوشی منداڵانی کورد

وێڕای هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان کراوە، تا ئێستاش زۆرینەی منداڵانی کورد لە بچوکترین مافەکانیان، کە خوێندنە بە زمانی دایک بێبەشن، بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی تورک و ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان، بە هەموو شێوەیەک زمانی دایک بۆ منداڵان قەدەغەیە لە ناوەندەکانی خوێندندا.

جیا لەوەش لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی سیاسەتی چەوتی دەسەڵات و گەندەڵیی حکومەت، نزیکی سێ مانگە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و ناوچەی کۆیەش خوێندن پەکى کەوتووە.

بۆردوومان و هێرشی داگیرکەرانیش ژیانی زۆربەی منداڵانی ناوچە سنوورییەکانی خستووەتە ژێر هەڕەشەوە و کەشێکی نائارام و ناسەقامگیری درووست کردووە، بەدەر لە زیانە گیانییەکان و کەمئەندابوونی منداڵان، کاریگەری ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵاکان درووست دەکات، کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا تاکێکی توندوتیژ و نائارامی لێ دەربچێت.

جیا لەوەش تا ئێستا خەتەنەکردنی منداڵانی کچ بەردەوامە، هاوکات هاوسەرگیریپێکردنی پێشوەختە و لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە ڕوو لە هەڵکشانە، بەپێی ئامارێکی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ڕێژەی هاوسەرگیریی پێشوەختە (خوار ١٨ ساڵ)، لە هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٢دا بە ڕێژەی ٢.٧٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٥.٢٪، کە هەموو ئەوانە تاوانن بەرامبەر منداڵان و بێبەشکردنیانە لە ژیان و قۆناغی منداڵییان.

ش. ئـ

Comments are closed.