خولى پێنجەمى پەرلەمانى هەرێم بە ناچالاکترین خول دانرا

سلێمانی

ئەمڕۆ، ئینستتیویتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە ڕاپۆرتێکدا دۆخى سەروەریی یاسای لە هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو و خولی پێنجەمى پەرلەمان بە ناچالاکترین خول دانرا لەڕووی دانیشتنی پەرلەمان و دەرکردنی یاساوە، گەر ڕەچاوی ماوەی کارکردنی بکرێت بەراورد بە خولەکانی دیکە.

ئەمڕۆ، لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی، ئینستتوتى پەی بە هاوکاری ڕێکخراوی NEDی ئەمریکی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، ڕاپۆرتێکی لە بارەی دۆخی یاسایی لە هەرێمی کوردستان، لە١٩٩٢-٢٠٢٢، کە دەکاتە ٣٠ ساڵی تەمەنی پەرلەماندا بڵاوکردەوە.

سەروەر عەبدولڕەحمان
سەروەر عەبدولڕەحمان

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی، تەواوی ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەزار و ٢٢٨ دانیشتنی ئەنجامداوە، خولی سێیەم چالاکترین خول بووە و ٢٧٣ دانیشتنی ئەنجامداوە، لە کاتێکدا خولی چوارەمیش بە ناچالاکتترین خول دەستنیشان کراوە و ١٠٨ دانیشتنی تێدا ئەنجامدراوە، گەر ڕەچاوی ڕێگریی لە سەرۆکەکەی بکەین کە ماوەی دوو ساڵ پەرلەمان پەکخرا، ئەوا خولی پێنجەم دەبێت بە ناچالاکترین خول کە ١٠٨ دانیشتنی ئەنجامداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پەرلەمان بەراورد بە تەمەنی خۆی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە و ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە هەبووە لە ئەرکی یاسادانانندا سەرکەوتوو نەبوون، لە تەمەنییدا ٤٠٦ یاسای دەرکردووە، خولی دووەم چالاکترین بووە بە دەرکردنی ٨٩ یاسا، ناچالاکترینیش خولی چوارەم دەستنیشان کرا بە دەرکردنی تەنها ٣١ یاسا، هەروەها گەر ڕەچاوی کەمی ماوەی پەرلەمان بکرێت دیسان خولی پێنجەم بە ناچالاکترین هەژمار دەکرێت بە دەرکردنی ٣٩ یاسا.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا دەبوو پەرلەمان ٣٠ یاسای بووجەی پەسەند بکردایە، بەڵام لەو ماوەیەدا تەنها ١٣ یاسای پەسەند کرد، واتا ١٧ ساڵ هەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بودجە گوزەراندوویەتی.

ئەوەش هاتووە: یاسای تایبەت بە وەزارەت و دامەزراوەکان زۆرترین پانتاییان گرتووە لە سرووشتی یاساکاندا، کە ١٢٥ یاسا تایبەتب بەوانە، بەپێچەوانەوە یاساکانی بواری کۆمەڵاتیی، ژینگە و وەبەرهێنان، کەمترین پانتاییان گرتووە کە تەنها دوو یاسای تایبەتمەندە بۆ هەریەک لەو بوارانە.

هەروەها بەراوردی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانی عێراق کراوە، کە تەمەنی پەرلەمانی عێراق ١٢ ساڵ کەمترە، کەچی ٢٨٦ یاسای لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەرکردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا پۆلێنی یاساکان بە پێی جۆری دەرکردنیان خراوەتەڕوو، کە یاسای بنچینەیی ٢٧٠ یاسای دەرکردووە، ١٢ یاسای بەرکار کردووە، ٩٨ یاسایشی هەموار کردووەتەوە، ٢٦ یاساشی پێکەوە هەموار و بەرکار کردووە.

پۆلێنی یاساکان بەپێی کارپیکردنیان لەڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو و تێیدا هاتووە: ئەو یاسایانەی هەڵوەشاونەتەوە و کاریان پی ناکرێت ٩٦ یاسا، یاسا کاتییەکان کە ئێستا کاریان پێناکرێیت ٢٥ یاسا، یاساکانی تایبەت بە بووجە کە ئێستا لەکارکەوتوون ١٣ یاسا، یاسای بە مەبەستی لەکارخستن ٩ یاسا، تایبەت بە بەرکار یان یاسای عێراقی ٣٧ یاسا، یاسا بەرکارەکان ١٥٩ یاسا، یاسا هەموارکراوەکان لە پەرلەرمانی هەرێمی کوردستان ٦٧ یاسا.

هەروەها ئاستی جێبەجیکردنی یاساکان دەستنیشانکراوە و بەمشێوەیە دیاری کراوە: یەو یاسایانەی هەڵوەشاونەتەوە یان کاتی بوون و ئێستا کاریان پێناکرێت ١٣٦ یاسا، ئەوانەی لە پراکتیکدا جێبەجی نەکراون ٢٠ یاسا، ئەوانەی پێشێلکراون و بەپێی پێویست جێبەجێنەکراون ٢٢٧ یاسا، ئەو یاسایانەی جێبەجێکراون ٢٣ یاسا لە خۆ دەگرێت.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، دەرئەنجامی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو، هەروەها ڕاسپاردەیەکی ١٥ خاڵی ئامادەکراوە بۆ خستنەبەردەستی لایەنە پەیوەندییدارەکان.

 

ئ.م

Comments are closed.