دەوڵەتی داگیركەری تورك بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە دهۆك دامەزراند

ناوەندی هەواڵەكان

سەرچاوەیەكی سەربازی عێراق ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیركەری تورك بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە سنووری پارێزگای دهۆك لە خاكی هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، بەمەش دەوڵەتی داگیركەری تورك بە قوڵایی زیاتر لە ٩٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە.

سەرچاوەیەكی سەربازیی عێراق لەبارەی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازیی دەوڵەتی داگیركەری تورك لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیركەری تورك بنكەیەكی سەربازیی نوێی لە سنووری پارێزگای دهۆك لەناو خاکى هەرێمی كوردستان دامەزراندووە، ئەمەش پێشێلكارییەكی ئاشكرایە بۆ سەر سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان، دەوڵەتی تورك بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەش كرد، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە قوڵایی زیاتر لە ٩٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی داگیركەری تورك ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن، بەردەوام دەبن بەبێ گوێدانە ئەوەی كێ ڕێگرییان لێ دەكات.

سەرەڕای بەردەوامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هیچ وەڵامێكی كردارییان بۆ ئەو هێرشانە نییە.

هـ.ئ

Comments are closed.