پەرلەمانتارێک:کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی هەرێم ئامادەنین گرێبەستەکانیان بدەن بە بەغدا

ناوەندی هەواڵەکان


ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت،کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە نین گرێبەستەکانیان بدەن بە وەزارەتی نەوتی عێراق تاکو پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەى پرسی نەوتى هەرێم زانیارییەکى نوێی بڵاوکردەوە.

سۆران عومەر ڕایگەیاند: بەپێی نوسراوی ٦٦٥ لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی چاودێریی دارایی فیدراڵی دەداتەوە کە ئامادەنین وێنەی گرێبەستە نەوتییەکان بدەن بە وەزارەتی نەوتی عێراق.

ئاماژەى بەوەشکردوە، بۆیە گرێبەستەکان نادەنە چاودێری دارایی، بە هۆی ئەوەی کۆمپانیا بیانییەکان ڕەزامەند نین نهێنی گرێبەستەکان ئاشکرا بکرێت.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، لەناو گرێبەستەکانیش بڕگە و ماددەی تێدایە کە هەموو لایەنەکانی ناو گرێبەستەکە ڕەزامەند نەبن، نابێت گرێبەستەکە ئاشکرا بکرێت.

هەروەها سۆران عومەر دەشڵێت: لەکاتێکدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێویستە وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان بکات بۆ چارەسەری کێشەی نەوتی هەرێم.

پێشتر بەرپرسانى بەغدا و هەرێم ڕایانگەیاندبوو کە نزیکبوونەتەوە لەوەى کۆمپانیا بیانییەکان سەرجەم گرێبەستەکانیان بدەنە کۆمپانیای سۆمۆ و لەمەو دوا بە گرێبەستى نوێی سۆمۆ کار بکەن، بەڵام بەپێی ئەم نووسراوە نوێیە کۆمپانیا بیانییەکانى هەرێم پابەند نەبوون بە ڕادەستکردنى گرێبەستەکانیان.

هـ.ح

Comments are closed.