مامۆستایانى هەڵەبجە: بۆ داواکردنى مافەکانمان لە شەقام دەبین

هەڵەبجە

مامۆستایانی ناڕازی هەڵەبجە دەڵێن: بە مەبەستى جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان و شكاندنی ئەو فشارانەى لەسەرمانە ڕۆژی یەك شەممەى داهاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین، دەشڵێن: هەوڵەکانى دەسەڵات بۆ شكاندنی بایكۆت زنجیرە دوای زنجیرە شكستی هێناوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ، مامۆستایانی ناڕازیی، لەبەردەم مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لەسەر دەنگۆی شكاندنی بایكۆت لە بەشێك لە ناوەندەكانی خوێندن لە سنوورەكەدا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

مامۆستا هادی حەمە ڕەشید لە كۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا بەیاننامەى مامۆستایانى خوێندەوە و ڕایگەیاند، هەوڵەکانى دەسەڵات بۆ شكاندنی بایكۆت زنجیرە دوای زنجیرە شكستی هێناوە، پەلەقاژێی دوای ئەو پرۆسەیە دەكەن، پێنج مانگ مانەوەمان لە دەرەوەی هۆڵەكانی خوێندن بەبێ‌ وەڵامێكی باوەڕ پێهێنەر لەبێ‌ منەتی ئەواندا ئێمەش مكوڕ و سورتر دەكات لەسەر داواكارییەكانمان.

وتیشی: دەسەڵاتی هەرێم، دەیەوێت یاری بە پرسی بایكۆتی مامۆستایان بكەن، وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرە گشتییەكان بۆچی وەك مامۆستایان فشار لە حكومەت ناكەن بە مەبەستى جێبەجێكردنی مافەكانمان، لەبری هەڕەشە و سزادانی مامۆستایان.

ئەوەشى خستەڕوو، وەك دەستەی داكۆكیی مافی مامۆستایان لە هەڵەبجە ڕایدەگەیەنین، سەرباری گرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی یاسای بۆ بەرگریكردن لە غیابدانى مامۆستایان و فەرمانبەران، زۆر بێمنەتین لە غیابدانمان ئامادەین شان بدەینە بەر ئەم بەرپرسیارێتییە، ئامادەیمان تێدانییە بەبێ‌ دەستكەوت بچینەوە ناو هۆڵەكانی خوێندن.

ئاماژەى بەوەشکرد، داوا لە بەڕێوەبەری خوێندنگاكان دەكەین، نەچنە ژێر هیچ فشار و بڕیارێك وەك پێشوتر، دایكان و باوكان دڵنیا دەكەینەوە، ئێمەی مامۆستاش خوێندكارمان هەیە لە ناوەندەكانی خوێندندا.

لە كۆتایدا وتى: داوا لەو ڕێژە كەمەی مامۆستایان دەكەین، کە گەڕاونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن بێنەوە بەرەی ناڕازیی مامۆستایان، بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان، بۆ شكاندنی ئەو فشارانەش لەسەرمانە ڕۆژی یەك شەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری ئەنجام دەدەین.

ئ.م

Comments are closed.