ڕاپەڕین
بەپێی نووسراوێک، کە ئیمزای ٢٢ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری خوێندنگەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی لەسەرە، لە بەرامبەر فشارەکان لەسەر بەڕێوەبەرەکان بۆ سزادانی ئەو مامۆستایانەی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە، هەڕەشە لە بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە دەکەن و ڕایدەگەیەنن، گەر فشارەکان بەردەوامی پێبدرێت بە کۆمەڵ دەستلەکاردەکشێننەوە.
ئەمشەو، ٢٢ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری خوێندنگەکانی شارەدێی سەرکەپکانی شارۆچکەی ڕانیە لە ئیدارەی ڕاپەرین، لە دژی ئەو فشارانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیەوە دەکرێتە سەریان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
نووسراوەکەی بەڕێوەبەرەکان ئیمزای ٢٢ بەڕێوەبەر و یاریدەدەری سنووری شارۆچکەی سەرکەپکانی لەسەرە، هەروەها بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازیی لە سنوورەکە، بڕیارەکانی ناو نووسراوەکەیان بۆ ڕۆژنیوز دووپاتکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەو بەڕێوەبەرانەدا هاتووە، کۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنووری شارەدێی سەرکەپکان کۆبووینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو چەند خاڵەی بەڕێوەبەری پەروردەی ڕانیە بڵاویکردووەتەوە، کە تێیدا بەرپرسیارێتی بڕینی موچە و قوتی مامۆستایان و وانەبێژانی خستووەتە سەر شانی بەڕێوەبەرەکان، دوای گفتوگۆ و ڕاوێژ چەند بڕیارێکمان داوە.
لەیەکێک لە خاڵەکانی ئەو بڕیارانەدا، بەڕێوەبەرانی سنوورەکە ئاماژە بەوەدەکەن، لە ئەگەری بەردەوامی ئەو فشارانە و ناچارکردنمان بە سزادانی مامۆستایان، بە کۆی گشتی دەستلەکارکێشانەوە ڕادەگەیەنین.
تەواوی نووسراوەکە بەم شێوەیەیە:-
یاداشت…
بۆ ڕای گشتی سنووری ڕاپەڕین.
ئەمشەو ٢٠٢٤/٢/٦ کۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانی سنووری ناحیەی سەرکەپکان کۆبووینەوە بۆ هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ئەو چەند خاڵەی کە لەلایەن بەڕێز (بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیە) بڵاوکراوەتەوە، کە تێیدا بەرپرسیارێتی بڕینی موچە و قوتی مامۆستایان و وانەبێژانی خستۆتە سەر شانی بەڕێوەبەرەکان، ئێمە دوای ڕاوێژ و گفتوگۆکردن گەیشتینە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:
١- ناوهێنانی بەڕێوەبەرەکان و بێ منەتکردنیان لە ئەگەری پابەندنەبوونیان بەو داواکارییانەی (بەڕێوەبەری پەروەردە) بە سوکایەتی بە خزمەت و توانستمان تێدەگەین بۆیە بە هەمو جۆرێک ڕەتی دەکەینەوە.
٢- بابەتی (بایکۆت) لە سەرەتاوە لەسەر دەستی بەڕێوەبەرەکان نەکراوە، بەڵکو مامۆستایان و وانەبێژان خاوەنی بڕیاری بایکۆتی گشتی بوون.
٣- ئێمە سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەرانی ئەو سنوورە ڕایدەگەیەنین لە ئەگەری بەردەوامیی ئەو فشارانە و ناچارکردنمان بە سزادانی مامۆستایان بەکۆی گشتی دەستلەکارکێشانەوەی گشتی رادەگەیەنین.
ب. جـ
Comments are closed.