شارەزایەکی ئابووری: ئێستا هەرێم لە خراپترین قۆناغی دارایدایە- بەشی یەکەم

سلێمانی

پسپۆڕێکی ئابووری و مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، هۆکار و سەرەتایی کێشەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپ بەڕێوەبردنی هەرێم لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە کە ڕێکنەکەوتوون لە بەڕێوەبردنی حکومەت بەتایبەتی لە بواری داراییدا، دەشڵێت: ئێستا هەرێم لە خراپترین قۆناغی داراییدایە.

 د.نەبەرد مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئابووری لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ڕۆژنیوز تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئابووری هەرێم و بڕیارەکانى دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەخۆرانى هەرێم.

سەرەتا د. نەبەرد کەریم دەڵێت: لەکابینەی یەکەم و خولی یەکەمی پەرلەمانی کورستان خەڵکانێک هەبوون کە هیچ پسپۆڕییەک و شارەزایەکیان نەبووە، تا بتوانن بناغەیەکی ئابووری دروست بکەن، کەوابوو لەسەرەتاوە بەهەڵە ئیدارەی حکومەتی هەرێم دراوە.

وتیشی: بەداخەوە لە هەرمێـدا ئەو ئەقلە بە‌هێزەی دارایە نەبووە، بووە بە هۆکارێک کە ئێمە سیستەمی بانکیمان نەبێت، کە سیستەمی بانکیش نەبوو دەبێتە هۆکارێک هاوڵاتیی متمانەی بە بانک نەبێت ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتییان پارەکانیان لە بانکەکاندا دانەنێت بەهۆکاری نەبوونی سیستەم و متمانە لە نێوان هاوڵاتیی و حکومەت و بانکەکاندا.

“ئەوانەى لە پەرلەمان و حکومەتدا بوون کەسانى شارەزا و پسپۆڕ نەبوون”

ڕۆژنیوز: سەرەتا دەمەوێ بپرسم دۆخی ئابووری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشت بەمەى ئێستا؟

د. نەبەرد کەریم: کاتێک بەرەی کوردستانی بریار دەدەن ڕاپەڕین بکەن بە هاوکاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتەنیشتی ڕاپەرینەکەوە بیریان لەوە نەکردوەتەوە، کە پاکێجێک دابنێن کاتێک ئەم ڕاپەڕینە سەرکەوت ئێـمە چۆن ئیدارەی ئەم ناوچەیە بدەین، بەڵام کاتێک ڕاپەڕین سەرکەوت، دابەشکارییەک دروست بوو لە نیوان پۆستەکانی حوکمی و پەرلەمانیدا، ببینە لەکابینەی یەکەمی حوکمەتی هەرێمی کورستان، یەک خولی پەرلەمانی کورستان خەڵکانێک لە پەرلەمان و ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوونە، کە هیچ پسپۆڕییەک و شارەزایەکیان نەبووە، تا بتوانن بناغەیەک دروست بکەن، کەوابوو ئێمە لەسەرەتاوە بەهەڵە ئیدارەی حکومەتی هەرێمان داوە، لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس حکومەت هەرێمی کورستان حیزبەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەزمونێکی دە ساڵەی ئیدارە دانیان هەبوو لە کوردستاندا، بە هەموو کەموکورتییەکانەوە، دەکرا کە ٢٠٠٣ بەعس کۆتایی پێ هات و لەساڵی ٢٠٠٥ یەک ئیدارەیی لەکوردستاندا دروست بوو ئەو دەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ هاتە ناو حکومەتی عیراقیدا، تەنانەت وای لێهاتبوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراقی پێویست بوو لە هەولێرەوە کۆبوونەوە سازبکرێت و سەرۆکی ئەنجومەنی عێراقی دیاری بکرێت، بەڵام ئەمە نەتوانرا بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پایە سەرەکیەکانی هەریمی کوردستان بەهێز بکرێت، یەکێک لەو پایە سەرەکییانە پایەی دارایی بوو، چونکە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد و کوردستانی دروست بکات، یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ پێویستی بە ئابوورییەکی زۆر بەهێز و سەربەخۆ هەیە لەکاتێکدا تۆ چوار دەورت بە دوژمن تەنراوە.

ڕۆژنیوز: لە ساڵانی ڕابردوو پارەیەکى زۆر هاتە هەرێمەوە، بەبڕوای تۆ بۆچی نەتوانرا ژێرخانێکی ئابووری بەهێز دروست بکرێت؟

د.نەبەرد کەریم: لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نزیکەی ٪١٧زیاتریش پشکی حکومەتی عێراقی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوت، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکی ١١٠ بۆ ١١١ ملیار دۆلاری لەلایەن حوکومەتی عێراقەوە بۆ هاتووە، لە بری ئەوەی بێت سەرچاوەکانی داهات زۆر زیاتر بکات و سەرچاوەی خەرجکردن کەم بکاتەوە، هات پێچەوانەکەی کردوە، سێکتەری کشتوکاڵی سفر کردووە کە ئەمە گەورەترین کێشە بوو بۆ هەرێمی کوردستان هەموو خەڵکی لە گوندەکانەوە هێنایەوە شار، ئەمە سەرەتای کارەساتەکان بوو کە وای کرد لە هەرێمێکی بەرهەمهێنەرەوە ببێتە هەرێمێکی بەکاربەر، دواتر هەستا سێکتەری گەشت و گوزار  و پیشەسازی و بازرگانی بە تەواوی پەراوێز خستووە، هەروەها زۆرترین ڕێژەی موچەخۆری دانا و ڕێژەکەی لە کەمترین ڕێژەی مووچە خۆرەوە بەرز کرایەوە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار مووچەخۆر کە وابوو ئەم قۆناغی دووەمی هەرێمی کوردستان، کە باسمان کرد، بەخراپترین دۆخی ئیدارەدانی ئابووری هەرێمی کوردستان دادەنرێت، چونکە خەرجی مووچەی لەسەر هەرێم زۆر بەرز کردوە کە وایکرد بەرگەی بچووکترین قەیران نەگرێت، ئێستاش ئێمە لە خراپترین قۆناغی داراییداین.

ڕۆژنیوز: بۆچی تائێستا هەرێم سیستەمی بانکی نییە، ئەوەی هەشتە هی کەس و گروپەکانن؟

د.نەبەرد کەریم: هەر کاتێك کە وڵاتێک گریمانەی داڕمانی ئابووری بۆ دروست ببێت،  یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە سیستەمی بانکی لاواز بێت یا متمانەی بانکی لەو وڵاتەدا نەبێت، نموونە لە وڵاتی ئەمریکا و یۆنان ئەو داڕمانە بەهێزە دارایی بانکەی هەمان شێوە لە وڵاتی یۆنان بەهۆی داڕووخانی سیتەمی بانکی وڵاتی یۆنان توشی قەیرانێکی گەورە هات، کە وابوو بۆ ئەوەی وڵات لە قەیرانی دارایی دووربکەوێتەوە، پێویستمان بە سیستەمی بانکی بەهێز دەبێت.

ڕۆژنیوز: کەواتە بە بوونى سیستەمی بانکی دەتوانرێت قەیرانى دارایی چارەسەر بکرێت؟

د. نەبەرد کەریم: بەم هۆکارانە بەڵێ دەتوانرێت، یەکەم، پارەی کاش لای هاوڵاتیی نەبێت، بەڵکوو لای دەوڵەت بێت، کاتێک پارەی کاش لەلای دەوڵەت بوو بە هیچ شێوەیەک ئەو دەوڵەتە تووشی قەیرانی دارایی نابێتەوە، دووەم بانکەکان دەتوانن ڕێکەوت و وەبەرهێنانی دارایی بکەن، لە یاسای دارایی و ژمێریاریدا شتێکمان هەیە پێی دەوترێت وەبەرهێنانی دارایی، ئەو پارەی لە بانکەکاندا هەیە، بانک سەرپشکە بتوانێت وەبەرهێنان بەو پارانەوە بکات، بۆیە بەداخەوە لە هەرمێـدا ئەو ئەقلە بە‌هێزەی دارایە نەبووە، بووە بە هۆکارێک کە ئێمە سیستەمی بانکیمان نەبێت، کە سیستەمی بانکیش نەبوو دەبێتە هۆکارێک هاوڵاتیی متمانەی بە بانک نەبێت ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتییان پارەکانیان لە بانکەکاندا دانەنێت بەهۆکاری نەبوونی سیستەم و متمانە لە نێوان هاوڵاتیی و حکومەت و بانکەکاندا.

ڕۆژنیوز: لەسەر بڕیارەکەى دادگای فیدراڵی بۆچوونت چییە ؟ ئایا هەردوو حکومەت دەتوانن پێوەى پابەند نەبن؟

د. نەبەرد کەریم: من پێموایە دادگای فیدراڵی، بە دەق و بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی عێراقی پابەندە بەوەی مووچەی مووچە خۆران لە هەرێمی کوردستان دابین بکات وەک تەواوی پارێزگاکانی تری حکومەتی عێراق، کەوابوو خاڵی یەکەم، هاوتاکردنی مووچەی تیایە بە تەواوەتی، مووچەخۆرێک لە زاخۆوە هاوشێوەی مووچە خۆرێک لە بەسرە و ناسریەوە مووچەخۆرێک وەرەگرێت، دووەم، پلە بەرزکردنەوە مەرجدار دەبێ بۆ نموونە دیسانەوە وەک پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق هاوتا بکرێت، هەروەها پێموایە وەک خاڵێکی جدی ئیشی لەسەر بکرێت، ئەویش کاتەکانی دابەشکردنی مووچە، بۆنمونە ئێستا لە پانزە پارێزگاکەی حکومەتی عێراق لە بیستی مانگدا مووچەی وەزارەتی سین بدرێت، دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش لە هەمان کاتدا مووچەی وەزارەتی سین دابەش بکرێت، کە وابوو خاڵی یەکەم، حکومەتی عێراقی مولزەم کراوە بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات، ٦١٨ ملیارەکە، پێویست دەکات بینیڕێت هەتا ئەوکاتەی هەمواری بودجەی عێراقی دەکرێت بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ ئەما هەمواری بودجە کەی دەکرێت حکومەتی عێراقی پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی مووچە خۆران دابین بکات، ئەوەی کە هەیە جگەی لە یاساکەی دادگای فیدڕالی کە دەریکردوە.

ڕۆژنیوز: ئەو بڕیارانە چۆن جێبەجێ دەکرێن؟

د. نەبەرد کەریم: تائێستا ئالیەتەکانی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە زۆر ڕوون نییە و ئەوەشی تەفسیری بۆ دەکات شتێکی هەڵە دەکات، چونکە تا ئێستا ئالیەتەکانی نەڕۆیشتووەتە بواری جێ بەجێکردن و وردەکارییەکەی ڕوونبکاتەوە.

ڕۆژنیوز: وەزیری دارایی عێراق دەڵێت دەبێت لەماوەى مانگێکدا کارتی بانکی بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دروست بکرێت ئایا لەو کاتە کەمەدا دەتوانرێت ئەو کارتانە دروست بکرێن؟

د. نەبەرد کەریم: لە دوای ڕەوانەکردنی بودجەی پێداچوونەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراقی بڕی ٦١٨ ملیار بۆ مووچە خۆرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام باس لەوەدەکات بۆ مانگی سێ وشەی تەوتینی مووچەکان، کە ئەویش زیاتر بۆ ئەو پێوەرە دەبێت، کە وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی بانکە فیدڕالییەکانەوە حکومەتی عێراقیەوە، پاڵپشتی ئەو بانکانە دەکات، کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت، خاڵێک کە جێگەی كێشەو گومانە بۆ هاوڵاتییان، بوونی ئەم کارت و بە ئەلیکترۆنی کردنی ملیۆنێک و دوو هەزار و ٧٠٠ کەس لە مووچە خۆر لە هەرێمی کوردستاندا ئایە ئاسانە بکرێت بە سیستەمی ئەلکترۆنی، لێرەدا کێشەیەک هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە بەغداد متمانەی بەو بانکانەی هەرێم نییە، بۆیە کردنەوەی هەر سێ لقەکەی بانکی ناوەندی لە هەرێمی کوردستاندا ئایە کاتێکی زۆر ناخایەنێت.

ڕۆژنیوز: هۆکاری ئەو بێمتمانەییە چییە بە بانکەکانى هەرێم؟

د. نەبەرد کەریم: هۆکار و سەرەتایی کێشەکە دەگەڕێنێتەوە، بۆ خراپ بەڕێوەبردنی هەردوو حزبی دەسەڵات کە ڕێکنەکەوتوون لە بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری دارایدا، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەن خۆیان داوایان کردوە، کە لقی بانکەکانی خۆیان لە هەرێمدا بکەنەوە، بۆ ئەوەی سلفە و قەرز بدەن بە هاوڵاتییانی هەرێم، بەڵام هەردوو حزبی دەسەڵات بە هۆکاری ئەوەی خۆیان سێکتەرە بانکییەکان کۆنتڕۆڵ کردووە، بەو هۆکارە ڕێگەیان بە هەردوو بانکی ڕەشيد و ڕافیدن نەداوە بەشێک لە بانکەکانیان بکەنەوە، ئەگەر ئەو دەمە لقی بانکەکان بکرایەتەوە، ئەوە ئێستا ڕووبەڕووی ئەو کێشانە نەدەبووینەوە، ئەمەی لە ئێستادا هەیە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی ڕێگە پێدان بدات بەو دوو بانکە ئەوە تەنها بیناکەیان دەمێێتەوە، بەڵام لە کۆی پرۆسەکەدا حکومەتی هەرێـم و عێراق و وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاودێری دارایی، دەتوانن ڕەزامەندی ئەو لیستی مووچەیە بکەن ئەگەر لیژنەی ووردبنی حکومەتی عێراقی ڕەزامەندی لیستی مووچە بکات، ئەوە تەنها دەمێنێتەوە کۆی گشتی مووچە چەندە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەو کاتە لیژنەی ووردبینی دەتوانێت کۆی گشتی پارەی مووچەی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی عێراقی ڕووندەبێتەوە و وەزارەتی دارایی عێراقی پاڵپشتی تەنها بانکە فیدڕاڵییەکان دەکات بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یان پشتیوانی بانکە حکومییەکانی تری حکومەتی هەرێمیش دەکات.

ڕۆژنیوز: ئایا هەرێم و بەغدا ناتوانن بە ڕێکارێکی نوێ لەسەر کارتى ئەلیکترۆنى ڕێکبکەون؟

د. نەبەرد کەریم: سەبارەت بە دروستکردنی کارتی بانکی ئەلکترۆنی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، یەکەم حکومەتی عێراقی بەتایبەتی وەزارەتی دارایی، لە ئێستادا واباشترە کە ڕێکەوتنێک هەبێت، ئەوان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پاڵپشت بکەن، تا دروستکردنی کارتی بانک، کە ئەمە چارەسەر سەرەکییەکەیە، چونکە لە ئێستادا کات زۆر کەمە بۆ ئەوە، خاڵی دووەم ئایا مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێکیان کارتیان هەیە و بەشێکیان نیەتی و کاتی زۆر دەوێت.

هـ.ح

Comments are closed.