“تورکیا بە زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت کۆتایی بە کێشەی کورد بهێنێت”
هەولێر
گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە و دەوڵەتى فاشیستى تورک هەموو داواکارییەکانى بۆ دیداری ئیمرالی ڕەتکردوەتەوە، جێگری سکرتێری حزبی شیوعی کوردستانیش دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت کۆتایی بە کێشەی گەلی کورد بهێنێت.
بۆ ٣٨ مانگ دەچێت گۆشەگیرییەکى سەخت و دژوار لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەچێت، لەو ماوەیەدا سەدان داواکاری لەلایەن خانەوادە و پارێزەرەکانییەوە پێشکەش کراوە بۆ دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان، بەڵام دەوڵەتى فاشیستى ئاکاپە و مەهەپە بەهۆی ترسیان لە فکر و پەیامەکانی ڕێبەر ئۆجالان ڕێگە نادات دیدارەکان سەربگرن.
سدیق ئەحمەد جێگری سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە ڕۆڵ و کاریگەریی ڕێبەر ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
“تورکیا لە ڕێگای زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت کۆتایی بە کێشەی گەلی کورد بهێنێت”
سدیق ئەحمەد دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای زیندانیکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەیەوێت کۆتایی بە کێشەی گەلی کورد بهێنێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەی ئازادیی و دیموکراسی لە تورکیادا بوونی نییە، بەجۆرێک باوەڕیان بە مافەکانی گەلی کورد نییە، بۆیە شۆڕشی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە و ئازادییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەردەوامی هەیە.
وتیشی: ئازادبوونی عەبدوڵا ئۆجالان لەسوود و قەزانجی دەوڵەتی تورکیا دەبێت، بۆ هێنانەدی پڕۆسەی ئاشتی و دیموکراسی لەم وەڵاتەدا ، چونکە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، ڕۆژانە سوورتر دەبێت، هەروەها تێکۆشان و قوربانیدان بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی بەردەوام لە گەشەسەندن دایە.
“عەبدوڵا ئۆجالان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد زیندانی کراوە”
جێگری سکرتێری حزبی شیوعی ئاماژەی بەوەشکرد، عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردە و شۆڕشگێڕێکی گەلی کوردە، لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد تیکۆشانی کردووە، بۆیە ماوەی چەندین ساڵە بەبێ تاوان لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیاوە زیندانی کراوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پڕۆسەی دیموکراسی لە تورکیا بوونی نییە و باوەڕیان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد نییە.
لە کۆتایدا سدیق ئەحمەد وتی: دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگای دەستگیرکردنی سەرکردە کوردەکانەوە دەیانەوێت تێکۆشانی گەلی کورد بۆ داواکردنی مافە ڕەواکان لەباربەرن، بەڵام ئەمە خەونێکە تورکیا دەبینێت، چونکە خەباتی گەلی کورد بەردەوام لە گەشەسەندن دایە، بۆیە گرنگە یەکدەنگی و یەک گوتاری لایەنە کوردیەکان هەبێت، بۆ داواکردنی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان.
هـ.ح
Comments are closed.