دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە کردەوە تیرۆرییەکانی و بەرپرسانی پەدەکەش لەگەڵیاندا کۆدەبنەوە

ناوەندی هەواڵەکان

لەکاتێکدا دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هێرشەکانی بۆ سەر خاکی باشوور چڕتر دەکاتەوە و لەنێوەندی شارەکاندا هاوڵاتییانی مەدەنیی تیرۆر دەکات، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرانی باڵای ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەدا کۆدەبێتەوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی سێیەمین كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا لەگەڵ وەزیری بەرگریی دەوڵەتی تورک کۆبووەوە و دوێنێش لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبووەوە.

 ئەو کۆبوونەوانە لەکاتێکدایە، هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک، لە باشووری کوردستان تا دێت چڕتر دەبێتەوە و لەناوەندی شارەکانیش هاوڵاتییانی مەدەنی تیرۆر دەکات.

لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا، دەوڵەتی تورکیا بە چەندیین شێواز هێرشی کردە سەر خاکی باشووری کوردستان و دوو هاوڵاتیی مەدەنیی تیرۆر کرد، بەڵام لەبری ئەوەی هەڵوێستێک دژی ئەو هێرشانە درووست ببێت و دەنگی ناڕەزایەتی بگەیەنن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرانی ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییانەدا کۆدەبێتەوە و باس لە “بەهێزکردنی پەیوەندیی” و “ئاشتیی و سەقامگیریی” دەکات.

دوێنێ، لەو کاتەی دەوڵەتی تورک ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنیی لە ناوەندی شارۆچکەی کەلار بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە هاوڵاتییەک شەهید بوو، ڕۆژی پێشتریش پزیشکێکی خەڵكی باکووری کوردستان، لەلایەن دەوڵەتى تورک لە سلێمانى لە ڕێگەى چەند چەکدارێکەوە شەهید کرا، نێچیرڤان لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆبووەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، بەهەمان شێوە  له‌ په‌راوێزى كۆڕبه‌ندى دیپلۆماسیى ئه‌نتاڵیا له‌گه‌ڵ یاشار گوله‌ر، وه‌زیرى به‌رگریى توركیا كۆبوونه‌وه‌.

جێگەى ئاماژەیە، سەرەڕاى ئەوەى دەوڵەتى تورک بە بەردەوامى هێرش دەکاتە سەر خاکی باشووری کوردستان و لەناوەندی شار و ناوچەکانی هەرێم هاوڵاتییانی مەدەنیی تیرۆر دەکات و بووەتە هۆی نەمانی سەقامگیریی و ئارامیی لە ناوچەکەدا، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم و سەرانى پەدەکە، هیچ هەڵوێستێکیان نییە و هەمیشەش لە پاش بۆردوومان و هێرشەکان لەگەڵ بەرپرسانى دەوڵەتى تورک کۆدەبنەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.