بە فشار فەرمانبەران ناچار دەکرێن بەشداریی لە  پڕۆژەی “هەژماری من”دا بکەن

ناوەندی هەواڵەکان

سەرباری ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری داوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە دابەشبکرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بڕیارەکە پێشێل دەکات و بە فشار فەرمانبەران ناچار دەکات بەشداریی لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا بکەن.

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە بڕیاریدا، بە ڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی سەر بە حکومەتی ناوەندیی مووچە دابەش بکرێت، بەڵام حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بەردەوامە لە یاریی کردن بە قوتی مووچەخۆران و دەڵێت: دەبێت دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی “هەژماری من”ەوە بێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە مانگی ڕابردووەوە هەوڵدەدات بە فشار درووست کردن فەرمانبەران بەشداریی لە پڕۆژەکەدا بکەن.

حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم، لە ڕێگەی دابەشکردنی فۆرمێکەوە بەسەر دامودەزگا حکومییەکاندا سەرجەم مووچەخۆران ناچار دەکات هەژمارێکی بانکی لە یەکێک لە بانکەکانی (بی بی ئەی سی، ئارتی بانک، بانکی ئیسلامیی عێراق بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان، بانکی ئەهلیی عێراقیی) درووست بکەن.

لەو فۆرمەی، کە بە سەرجەم دامودەزگاکاندا دابەشکراوە، تەواوی زانیارییەکانی فەرمانبەران داواکراوە، کە بۆ کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی و بەشداریی کردن لە پڕۆژەی “هەژماری من”دا پێویستە، هەروەها لە ئەگەری پڕنەکردنەوەی فۆڕمەکە و بەشداری نەکردن، بە فەرمانبەران ڕاگەیەندراوە “مووچەی مانگی ئادار لە ڕێگەی هەژماری منەوە دەبێت، ئەگەر بەشداری نەکەن ئەوا مووچەکەیان دەفەوتێت و ناتوانن وەریبگرن”.

حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی ماوەی ١٠ ساڵە قوتی مووچەخۆرانی تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکانی خۆی کردووە و هەرجارە و بۆ مەبەستێک بە نەدانی مووچە، چارەکە مووچە و نیو مووچە و پاشەکەوت، هاوڵاتیان دەخاتە دۆخی ئابووریی سەختەوە و ئەوەش ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی کایەکانی کۆمەڵگە دەبێت.

ئێستاش مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردوو و دوو مانگی ئەمساڵ دابەش نەکراوە، واتە نزیکی شەش مانگە مووچەخۆرانی هەرێم تەنها یەک مووچەیان پێ دراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی ٥٦٠ ملیار دیناری بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازیی، چاودێری کۆمەڵایەتیی و کەمئەندامان ناردووە، بەڵام بەهۆی ڕەوانە نەکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش، حکومەتی ماوەبەسەرچووى هەرێم دەستی بەسەر مووچەکەدا گرتووە و دابەشی ناکات.

ش. ئـ

Comments are closed.