مەڕاسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی ‘هەرێمێکی خنکاو’ بەڕێوەچوو

ڕانیە

بە ئامادەبوونی چەندین چالاکوان و کەسایەتی دیار لە شارۆچکەی ڕانیە، مەڕاسیمی ناساندن بۆ پەرتووکی ‘هەرێمێکی خنکاو’ ئەنجام درا، کە لەلایەن خالید قادر نووسەر و ئەندامی کەنەکە نووسراوە و باس لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پەرتووکخانە گشتییەکانی ڕاپەڕین مەڕاسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی “هەرێمێکی خنکاو- هەژمونی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ساڵی ١٩٨٣- ٢٠٢٤” ئەنجام درا.

پەرتووکەکە لەلایەن خالید قادر محەمەد نووسەر و سیاسەتمەدار و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانەوە نووسراوە، ناوەڕۆکی پەرتووکەکە باس لە داگیرکاریی و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکات.

لە مەڕاسیمەکەدا، نووسەر خالید قادر سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەرتووکەکەی وتی: لە ٢٥٪ـی خاکی هەرێمی کوردستان هەژموونی سیخوڕیی میت و سەربازیی سوپای تورکی بەسەرەوەیە، تەنانەت لە ڕێگای هەژموونی ئابووریی و پەروەردەییشەوە لە ناو باخچەی ساوایان و پەیماناگاکاندا، بە شێوەی تۆڕێکی فراوان بڵاو بوونەتەوە، کە بڵاوبوونەوەیەکی ئێجگار مەترسیدارە.

خالید قادر وتیشی: ساڵانێکە کە کار نەک لەسەر داگیرکردنی بەڵکو لەسەر خنکاندنی هەرێمی کوردستان کراوە، لە ئێستاشدا پلانێک لە ئارادایە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ٤٠ بۆ ٥٠ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە و ڕێککەوتننامەیەکی ژێربەژێری لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە.

لە کۆتایشدا لەلایەن بەشداربووانی مەڕاسیمەکەوە، چەندین ڕا و بۆچوون سەبارەت بە مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک لە داگیرکردنی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک و وێرانکردنی ناوچەکە پێشەکەش کرا.

ب.گ

Comments are closed.