خەڵاتەکانی یەکەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسلدۆرف دابەشکرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە کۆتا ڕۆژی یەکەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسڵدۆرف، خەڵاتەکان دابەشکرا و هەریەک لە فیلمە درێژەکانی (جیران، ئەرن، کاتێک نەمامەکان دەمرن، هێزا) و فیلمە کورتەرکانی (ئەستێرەیەک لەسەر هێڵ، خەون، ڕێگاکان، ڤۆدگای ڕووسی) خەڵاتیان وەرگرت.

ئەمرۆ، یەکەم فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دۆسێلدۆرف لە ئەڵمانیا، بە دابەشکردنی خەڵاتەکان کۆتاییهات.

لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا فیلمی “جیران” لە دەرهێنانی مانۆ خەلیل خەڵاتی یەڵماز گونای بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش بە بەڵگە فیلمی “ئەرن” لە دەرهێنانی ماریا بینلەر کرا و فیلمی “کاتێک نەمامەکان گەورە دەبن” لە دەرهێنانی ڕێگەر ئازاد کایا خەڵاتی خەلیل داغ بۆ سینەمای خۆڕاگریی پێبەخشرا.

هەروەها لە فێسیڤاڵەکەدا بەڵگە فیلمی هێزا لە دەرهێنانی دەریا دەنیز “خەڵاتی ژینا ئەمینی” وەرگرت و لە بەشی کورتە فیلمدا چوار خەڵات دابەشکرا، ناوی فیلم و دەرهێنەرەکان، کە خەڵاتیان وەرگرت بەم جۆرەیە؛

لە بەشی باکووردا بێریڤان ساروخان بە فیلمەکەی بەناوی “ئەستێرەیەک لەسەر هێڵ” خەڵاتی وەرگرت، لە بەشی ڕۆژئاوادا گوڵێ وڵات بە فیلمی “خەون”، لە بەشی باشوور ئەژین کاوە بە فیلمی “ڕێگاکان” و لە بەشی ڕۆژهەڵاتیش سەید پەیام حشێنی بە فیلمی “ڤۆدکای ڕووسی” خەڵاتی وەرگرت.

بەر لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکان فیلمی “بەربو” وەک کۆتا فیلمی فێستیڤاڵەکە نمایش کرا، سەڤیناز عەڤدکێ دەرهێنەری ئەو فیلمە کە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەشداری کردبوو، لەکاتی نمایشی فیلمەکەدا ئامادەبوو.

هەروەها سەڤیناز عەڤدکێ باسی لەوەکرد، تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت، قوربانی بۆ دەدرێت، هیوامان ئەوەیە کە خۆمان بگەیەنینە ئەو ڕۆژانە کە چیتر دایکان فرمێسک نەڕێژن، سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەم کە هەڵسەنگاندنیان کرد، بەڵام ئێمە لەناو دژوارترین هەلومەرجیشدا بەردەوام بە ڕەخنەگرتن مامەڵە دەکەین و بۆ ئەوەی زیاتر هونەری بن ئەوەی لەدەستمان دێت هەوڵی بۆ دەدەین.

ب. ق

Comments are closed.