پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بۆ گەنجانی چەمچەماڵ ئەنجام درا

چەمچەماڵ

لە چەمچەماڵ بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی پەرتووک، پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بۆ گەنجان بەڕێوەچوو، سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە وتی: ئامانجمان ئاشت کردنەوەی گەنجانە بە پەرتووک.

ئەمڕۆ لەلایەن سەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکەوە پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بەڕێوەچوو، کە تیایدا زیاد لە ٣٠ گەنج بەشداربوون.

سۆران بابە بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی شۆڕش و سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز وتی، ئێمە وەک سەنتەری گەنجانی شۆڕش، بە مەبەستی دووبارە ئاشناکردنەوەی گەنجان بە خوێندنەوە هەستاین بە ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیە.

لەبارەی ئامانجی ئەم چالاکییەوە ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجمان لەم پێشبڕکێیە ئەوەیە، کە بتوانین گەنجانمان ئاشنا بکەین بە خوێندنەوەی پەرتووک و ئاشتیان بکەینەوە لەگەڵ پەرتووکدا.

سۆزیار فەتاح یەکێک لە بەشداربووانی پێشبڕکێکە وتی: گرنگە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە چونکە لە ئێستادا گەنجان بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە سەرقاڵن بە تایبەتی سۆشیال میدیا گەنجانی لە خوێندنەوەی پەرتووک دوور خستووەتەوە ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیانەش گرنگە بۆ ئاشتکردنەوەی گەنجان لەگەڵ پەرتووک.

هاوکات نیان عەباس بەشداربوویەکی دیکەی پێشبڕکێکە وتی، زۆر گرنگە پێشبڕکێی لەم شێوەیە بەڕێوە بچێت بەتایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی پەرتووکدا، سوپاسی سەنتەری گەنجانی شۆڕش دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیە.

سیستەمی پێشبڕێکە بەشێوەیەک بوو پێش هەفتەیەک پەرتووکی ڕۆمانی کەمانچەژەن لە نووسینی هانس کریستیان ئەندەرس و وەرگێڕانی پیرەمێرد، درا بە بەشداربووان پاش خوێندنەوەی پەرتووکەکە لەلایەن بەشداربووانەوە ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی بەشداربووان ئەنجام درا.

لەکۆتایی پێشبڕکێکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی ئامادبووان کرا، یەکەم و دووەم و سێیەمی پێشپڕکێکه لەلایەن سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕشەوە خەڵات کران.

ب.گ

Comments are closed.