لە پانێڵێکدا دۆخی کرێکارانى هەرێم و عێراق تاوتوێ کرا

سلێمانی

ئەمڕۆ پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی “پاراستن و ژیانی کرێکاران ئەرکی هەموو لایەکە”، بەڕێوەچوو، لە پانێلەکەدا باس لەو گیر و گرفتانە کرا، کە ڕووبەڕووی کرێکاران دەبێتەوە و تیشکخرایە سەر ئەوەی ماوەی ٣٣ ساڵە یاسایەکی نوێ نییە بۆ سەلامەتی پیشەیی کرێکاران.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، لە ئۆتێل داوا، لە شاری سلێمانی پانێڵێک لە ژێر ناونیشانی “پاراستن و ژیانی کرێکاران ئەرکی هەموو لایەکە” بەڕێوەچوو، کە لە سێ تەوەر پێکهاتبوو، تەوەرەکانیش بریتی بوون لە: ئەرکی حکوومەت و یاسای کار بۆ سەلامەتی کرێکاران، دووەم ئەرکی خاوەنکار لە بابەتی سەلامەتی پیشەیی بۆ کرێکاران، سێیەم گرفتەکان و بۆچوونی سەندیکا لەسەر کرێکاران.

تەوەری یەکەم، لەلایەن ڕاوێژکاری وەزارەتی کار و باری کۆمەڵایەتیەوە قسەی لەسەر کرا، تەوەری دووەم لەلایەن ئومێد عەزیزی مامۆستای زانکۆ، تەوەری سێیەم  بەڕێز عوسمان زیندانی بوون.

لە سەرەتادا پانێڵەکە، سەرجەم ئامادەبووان بۆ گیانی پاکی شەهیدان خولەکێک وەستان، دواتر وتاری لقی سلێمانی سەندیکاکانی کرێکاران لەلایەن، چالاک ڕەوف فەرەج خوێنرایەوە، داواکرا زیاتر گرنگی بە کرێکاران بدرێت و ڕێگری بکرێت لە هێنانی دەستی بیانی، چەندین ساڵە لەم هەرێمەدا هیچ کارێک نەکراوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانی کرێکاران و سەلامەتی پیشەیی کرێکاران، تا ئێستاش کە ٣٣ ساڵە یاسایەکی نوێ نییە بۆ سەلامەتی پیشەیی کرێکاران.

دواتر شاهۆ عوسمان، وتاری حکومەتی بۆ ئامادەبووان و کرێکاران خوێندەوە، وتى پێویستە سەلامەتی گیانی کرێکاران پێش هەموو شتێک بێت، ژیانی مرۆڤ لە هەموو شتێک گرنگترە، سەرجەم ئەو لایەنانەی کە خەمخۆری گیانى کرێکارانن، پێویستە لە کاتی پێدانی مۆڵەت بە درووست کردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، پابەند بکرێن بە دابینکردنی پێداویستیەکانی سەلامەتی کرێکاران.

وتیشی: ئەوەی کە لە توانادا هەیە پێویستە بکرێت بۆ پاراستنی ژیانی کرێکاران، تاوتوێی ئەوە دەکەین و هەوڵدەدەین بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران و ئەرکی هەموو لایەکمانە جێبەجێیان بکەین و سزای لایەنی کەمتەرخەم بدەین، تا قوربانی کەم بێتەوە و سەلامەتی گیانیان کاری لە پێشینەمان بێت.

دواتر کورتە ڤیدۆیەک نمایشکرا لەسەر ڕۆڵی کرێکاران لە بەرە و پێشبردنی کۆمەڵگە و ئەو گیروگرفتانەی کە ڕووبەڕویان دەبێتەوە و هەروەها نەبوونی سەلامەتی پێویست بۆ پاراستنی گیانیان.

هۆگر عەلی
هۆگر عەلی

پانێلێستی یەکەم، هۆگر عەلی، ڕاوێژکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لەوەکرد، پێویستە یاساکان لەلایەن حکوومەت و خاوەنکاران و کرێکاران و سەرجەم لایەنەکان پەیڕە و بکرێت تا بتوانین سەلامەتی و تەندرووستی پیشەیی کرێکاران بپارێزین، کار بکەین بۆ باشترکردنی ئەم پڕۆسەیە، پێویستە کرێکارانیش و سەرجەم لایەنەکانی دیکە هاوکاربن.

ئێمە ئێستا کار بە یاسای ژمارە ٧١ کە لە ساڵی ١٩٨٧دەرچووە دەکەین، ئێمە کار بەو یاساییە دەکەین، کە داوا لە خاوەنکار و کرێکار و حکومەت دەکات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی تەندروستی، گیانی کرێکارێک زۆر لە سەدان ملیۆن دۆلار گرنگترە پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ کرێکاران و پاراستنیان.

ئومێد عەزیز
ئومێد عەزیز

پانێلێستی دووەم، ئومێد عەزیز، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە یاسای کار، سەبارەت بە ئەرکی خاوەنکار لە سەلامەتی پیشەیی بۆ کرێکاران وتی: زۆر جار لەسەر ئەم بابەتانە قسەمان کردووە و دەنگمان نەگەشتووە بە لایەنەکانی کۆمەڵگە، سەبارەت بە یاسا بەکاربەرەکان، تەنها یاسای کار نییە باسی لە سەلامەتی پیشەیی کرد بێت، زیاتر ١٠ یاسامان هەیە باسی سەلامەتی پیشەیی دەکات، کرێکار تەنها ئەوانە نین کە پیک و خاکەنازەکەی پێیە و کاردەکات، بەڵکوو سەرجەم ئەوانەش دەکرێتەو کە پەیوەستن بە گرێبەستێکەوە، بگرە مامۆستایەکیش کە لە زانکۆیەکی تایبەت کار دەکات کرێکارە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ئەوەی هەمانە بۆشایی جێبەجێنەکردنە، یاساکان جێبەجێ ناکرێن، هەروەها ئەوەی زۆر گرنگە ڕاهێنانی پیشەییە، ئەم بابەتە ئەگەر لە کوردستان بگرینە پێش چاو نەگەشتوەتە ئەو ئاستەی کە پێویستە، وەزارەتی کار پێویستە سەرپەرشتی بکرێت و ڕێنماییەکانی بۆ دابنرێت، دابینکردنی پێداویستەی سەلامەتییەکان زۆر گرنگن و پێویستە هەبن و کەمتەرخەمی نەکرێت و بەردەوام چاودێری ڕەوشی سەلامەتی کرێکاران بکرێت.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەرکی خاوەنکارە کە بەردەوام چاودێری کەلوپەلەکان و بەرزکەرەوەکان و ئەوانی دیکە چاودێری بکرێن و تاقیبکرێنەوە پێش هەر بەکارهێنانێک، هەروەها دەستەبەری پێکانی پیشەیی ئیتر هەر جۆرێک بێت، کە لە یاسای کاری ژمارە ٧١ـێ ساڵی ١٩٨٧ هاتووە، “ئەگەر تووشی پێکان بێت و دەستەبەری نەبێت ئەوا پێویستە  وەک کرێکارێکی خاوەن دەستەبەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.

عوسمان زیندانی
عوسمان زیندانی

پانێلێستی سێیەم، عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی وتی: بابەتی سەلامەتی بابەتێکی گشتگیرە یەکەمین یاسای کار، کە لە ئەڵمانیا دەرچووە تا بابەتەکانی نەخۆشی و کرێکاران بگرێتەوە کە میژوویەکی دێرینی هەیە، سەلامەتی تەنها پەیوەست نییە بە کرێکارەوە بەڵکو بۆ فەرمانبەرێکیش سەلامەتی گرنگە و جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی پاراستنی گیان و سەلامەتی پیشەیی.

هەروەها ڕایگەیاند، لە ئامارە فەرمیەکانی جیهاندا ساڵانە ٢.٣ ملیۆن کرێکار گیان لە دەست دەدەن و ١٦٠ ملیۆن بریندار دەبن و ٣٤٠ ملیۆن تووشى نەخۆشى دەبن، بابەتی سەلامەتی گشتییە و جیهانییە بەڵام لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، دۆخی هەرێم و عێراق خراپە، یاسا هەیە بەڵام پێویستیان بە هەموارکردنەوە هەیە.

وتیشی: سەلامەتی تەندرووستی هەیە و سەلامەتی پیشەیی هەیە، پێویستە خاوەنکاران پابەند بکرێن، کە سەرجەم پیداویستیەکان دابین بکەن بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، لە ٩٥٪ ئەوانەی گیانلەدەست دەدەن لە بواری بیناسازیدا لە هەموو بوارەکان زیاترە، بە هۆکاری باپەند نەبوونی خاوەنکار و نەبوونی لیژنەی سەلامەتی لە پڕۆژەکاندا، کە ئەندازیاری سەلامەتی، نوێنەری خاوەنکار دەگرێتەوە بوونیان لە زۆربەی پڕۆژە گەورەکاندا.

عوسمان زیندانیی بەم شێوەیە ئاماری گیانلەدەستادانی کرێکارانی خستەڕوو:-

ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٠، نزیکەی ٢٨٠ کرێکار گیانیان لە دەستداوە

٨٤ کرێکار لە ساڵی  ٢٠٢١دا

٣٧ کرێکار لە ساڵی ٢٠٢٢دا

٤٣ کرێکار لە ساڵی ٢٠٢٣دا

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٤ تەنها لە شاری سلێمانی شەش کرێکار گیانیان لە دەستداوە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئاماری برینداری کرێکاران نەنووسراوە و ئەوەشی بە کەموکوڕییەکی جدیی ناوبرد.

لە کۆتاییدا ئامادەبووان، سەرنج و تێبینیەکانیان  سەبارەت بە گیر و گرفتەکان و سەلامەتی پیشەیی کرێکاران خستەڕوو و ئاڕاستەی پانێلێستەکان کرا.

 

ش. ئـ

Comments are closed.