“لە ئیمراڵی لە پشت پەردەوە شتێکی شاراوە ڕوویداوە”

ناوەندی هەواڵەکان

نووسینگەی یاسایی سەدە ڕایانگەیاند، ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە موەکیلەکانیانەوە وەرناگرن، دابڕینی پەیوەندی موەکیلەکانیان بە دەرەوە، نیشانەی ئەوەیە کە لە دوورگەی ئیمراڵی ‘لە پشت پەردەوە شتێکی شاراوە’ هەیە.

نووسینگەی پارێزەرانی یاسایی سەدە پەیوەست بە موەکیلەکانیان؛ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، عەمەر خەیری کۆنار، حامیلی یەلدرم و وەیسی ئاکتاش ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، کە لە ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢١ـەوە تا ئێستا کە ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک لە بارەیانەوە بەدەست نەخراوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، ئەو گۆشەگیرییە سەختەی لە ئارادایە، کردەوەیەکی ئارەزوومەندانەیە و هەروەها ‘بڕیاری دادوەریی’ هیچ بوونێکی لە یاسا و ڕێسای تورکیادا نییە، سزای دیسپلین کە وەک پاساوێک بۆ داواکاریی بنەماڵەکان پیشان دەدرێت و ئاستەنگ لە پێش سەردانی پارێزەران درووست دەکات، لە دژی یاسا و ڕێسایە، ئەوە نیشان دەدات کە خاوەنداری لە بڕیاری تاوان دەکەن، هەرەوەها دان بە مافی نووسین و تەلەفونیش نانرێت، بەپێی پێوەرەکانی ماندێلا دابڕینی پەیوەندی بە دەرەوە مەحاڵە، لە هەر بارودۆخێکدا بێت زیندانی کراو ڕێگەی ئەوەی هەیە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەیوەندی هەبێت.

ئاماژەیان بەوەش داوە، ئەم کردەوانەش نیشاندەری ئەوەیە لە دوورگەی ئیمراڵی پەردەیەکی شاراوە هەیە، پەیوەست بە موەکیلەکانمانەوە کە لەو دوورگەیە ڕاگیراون، نە بنەماڵە و نە پارێزەران ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نییە، پەیوەست بە مافە تەندرووستییەکان و ژیانیان هیچ زانیارییەکمان نیە.

هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، ڕەوشی نەبوونی زانیاریی ڕەها، کە لە مێژوودا نموونەی نییە، مۆدێلێکە لە ئەشکەنجەدانی سەخت، بەهۆی داواکاریی ئێمە لە کۆمیتەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتایی هێنانی دەستبەجێی بەم سزایە، کە وەک ڕەهەندێکی ئەم ڕژێمە ئەشکەنجەیە بەکاردێت و لەگەڵ ڕێساکان یەک ناگرێتەوە، کۆمیتەکە بڕیاری ڕێگرتنی لە دژی دابوو. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ کۆمیتەکە داوای لە حکومەتی تورکیا کرد “ڕەوشی نەبوونی زانیاری ڕەهای داواکاران کۆتایی بێت و بە بێ هیچ ئاستەنگێک داواکاران بتوانن بگەنە پارێزەری دڵخوازی خۆیان.

ئەوەش هاتووە تێیدا، لەبەرئەوەی ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکرا، کۆمیتەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بڕیاری دەرکرد تا حکومەت ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بەڵام حکومەت دیسان یاسا نێونەتەوەییەکانی جێبەجێ نەکرد، بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد و پێداگری کرد لە سیاسەتی نەبوونی زانیاریی ڕەها.

دووپاتیان کردەوە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢، ڕەوشی نەبوونی زانیاری ڕەها بەشێوەیەکی قووڵتر بەردەوام بوو، لەو کاتەدا سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کرد، بەڵام تا ئێستا ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بەم سەردانە بڵاو نەکردووەتەوە، هەروەها سەبارەت بە مەرجەکانی ڕاگرتن و تەندرووستی هیچ ڕاگەیاندراوێکیان بۆ ڕای گشتی نەداوە، دیسانەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سەرەڕای تێپەڕینی ١٣ ساڵ، بەڵام خۆی لە بڕیاردان دەپارێزێت دەربارەی داواکارییە چارەنووسسازەکان، لەوانەش گۆشەگیری ئیمراڵی، بە دڵنیاییەوە هاوشانی حکومەت، هەڵوێستی ئۆرگانەکانی کۆنسە ئەوە نیشان دەدات کە ڕەفتارەکان لە ئیمراڵی بە بڕیاری یاسایی نەبوون، بەڵکو بە بڕیاری سیاسیی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ئەنجام دراون.

ب.گ

Comments are closed.