نووسەرێک: ئەگەر دژی هێرشەکانی تورکیا بێدەنگ بین شەڕ دێتە ناو ماڵەکانمانەوە

سلێمانی

ئەندامێکی یەکێتی نووسەرانى کورد لە سلێمانی هۆشداری دەدات لە بێدەنگبوون بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و دەڵێت: ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردستان لەو غەدرانەى لە گەلی کورد دەکرێت بێدەنگ بن، ئەوا شەڕدێتە ماڵەکانمان و ژووری خەوتنەکانمان.

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک بۆسەر خاک و گەلی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بە هەموو ڕێ و ڕێبازێک دژی گەلی کوردستان سیاسەتى قڕکردن بەڕێوە دەبات، ئێستاش لە باشووری کوردستان هێرشەکانى چڕکردووەتەوە و بەنیازە بە هاوکاری پەدەکە، پیلانگێڕی دیکەى بەدەستەوەیە، بەڵام بێدەنگییەکی گشتى بەرامبەر ئەو هێرشانە هەیە.

بەندی عەلی ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی نوسەرانی کورد لقی سلێمانی سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بەندی عەلی دەڵێت: ئەو هێرشانەی تورکیا هەموویان پەیوەستن بەو هێرشانەی کە دەگوزەرێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە گشتیی جیهان لە نێوان باڵەکانی سەرمایەداری جیهانیدا گەیشتووەتە ئەوەی کە چەک و جەنگی تێدا بەرپا ببێ، ئەوەی لێرە ڕوودەدات و لە ئۆکراینا و لە ئێران و ئەفغانستانیش ڕوودەدات هەمووی پاکێجێکن پێکەوە بریتین لەو ڕەنگدانەوانەی کە جارێکی تر باڵەکانی سەرمایەداری جیهان، کە دەیانەوێ جارێکی تر جوگرافیای سیاسیی نێوان خۆیان دابەشبکەنەوە.

وتیشی: بەدبەخترین میلەت کە لەم نێوەندەدا دەژی  میلەتی کوردە، چونکە غەدرێکی مێژوویی و جوگرافی گەورەی لەسەرە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووییەکی کەمێک دوور، لەوکاتەوە کوردستان بووەتە جێگای بەریەکەوتنی زلهێزەکانی جیهان، هەر لە سەردەمی قەیسەریەت و شەڕی فەرەنسا و بەریتانیا، ناوچەکە ناوچەیەکی جوگرافی هەستیارە لە نێوان زلهێزەکانی جیهان لەبەر ئەوەشە زۆرجار بەریەکەوتن دێتە ئێرەوە.

سەبارەت بە هیرشە داگیرکارییەکانی ئەم دوایەی دەوڵەتى داگیرکەری تورک کە لەسەر کوردان و بە گشتى و لە باشووری کوردستان زیاتر فراوانتر بووە ئەو نووسەرە باس لەوە دەکات، ئەوەی دەوڵەتی فاشیستی تورکی دەیکات ئەوە بەشێکە لە حکومەتی فاشیستی تورکیای ئەمڕۆ، ئەو تەوژمە فکریەی کە ئەردۆغان دەیبات بەڕێوە و ئەوان دەیانەوێت بەشێکیان هەبێت لەم دابەشبوونە تازەیەی کە ئەمڕۆ لەناوچەکەدا ڕوودەدات.

بەندی عەلی دەشڵێت: لە پای بەرکەوتنی باڵە زلهێزەکانی جیهانەوە وە ئەردۆغان و حکومەتی فاشیستی تورکی لە فاشیسترین کاتی حکومڕانی تورکیادان، مەبەستیشیان ئەوەیە و وە دەستیش ناپارێزن لە گەیاندنی شەڕەکان بۆ ناو ماڵەکان نەک بۆ ناو شارەکان ئەوکاتەی، کە ئامانجە سیاسییە بۆگەنەکانی خۆیان تێدا بەدەستبهێن.

 لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەى کە چاوساغی بۆ دەوڵەتى داگیرکەری تورک دەکەن، ئەو نوسەرە ئاماژەى بەوە کرد، ئەگەر ئەم شتە ڕوویدابێت کارێکی خراپە و کارێکی باش نییە، هەروەها هەر هێزێکی کوردی پیبزانێ یاخود نەزانێ ببێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ گواستنەوەی ئەو شەڕە هەرێمی و جیهانیە بۆ ناو کوردستان گەورەترین غەدرە، کە بەرامبەر میلەتەکەی خۆی بیکات، هەر حیزبێک بیەوێت کە ببێت داردەستی ئەو هێزانەی کە وێرانکاری  دەهێنن و جەنگ دەهێنن بۆ ئەم خاکە دەبێت لە دادگایەکی مێژوودا دادگایی بکرێن.

بەندی عەلی وتیشی: من ئیشم بە حیزبی سیاسیی کوردی نییە، چونکە ئەوان گوێ لە ئێمە ناگرن و بە گوێی خەڵک ناکەن، ئەوانیش ئەجێندایەکی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەیە و دەیبەنە پێشەوە و ململانێش هەیە لە نێوان هێزە کوردییەکان بۆ ئەوەی بگەنە باشترین پارچە لە کێکی دابەشکاری ئەم ناوچەیە، بەڵام بە خەڵکی هەرێم دەڵێم کە ئاگاداربن کە هەر لەسەر ئەم بێدەنگیەتان بەردەوام بن لەسەر ئەو غەدرانەی لەم میلەتە دەکرێت بە هەموو جۆرەکانیەوە، شەڕ دێتە ماڵەکانتان و ژووری نوستنەکانتان.

هـ.ح

Comments are closed.