ئێشکگری دادپەروەریی ١١٤ ڕۆژە بەردەوامە

ناوەندی هەواڵەکان

ئێشکگری دادپەروەریی لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەر سیاسیی دۆزی کورد، لە چەند شارێکی باکووری کوردستان ١١٤ ڕۆژە، بەردەوامە.

بنەماڵەی زیندانییان و دایکانی ئاشتیی لە پێناو ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەر سیاسیی دۆزی کورد، ئێشکگری دادپەروەرییان دەست پێ کردووە، چالاکییەکە لە شارەکانی ئامەد و وان و مێردین و ئزمیر بەردەوامە.

لە چالاکییەکاندا درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” و “بێ سەرۆک ژیان نابێ” و “بژی بەرخۆدانی زیندان” و “ژن، ژیان، ئازادیی” بەرز کرایەوە، دایکان ئێلەکیان پۆشی و لەسەری نوسرابوو “گۆشەگیری تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە”.

لە چالاکییەکەی مێردین ئەندامی دایکانی ئاشتیی عەتیە یەڵماز ڕایگەیاند، ئەوان ئاشتیی و ئازادییان دەوێت، ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییانی سیاسیی دەخوازن و وتی: “ئەردۆغان، ئیتر بەسە زوڵم”، پاشان وتی: “ئێمە بۆ کردنەوەی ڕێگەیەک ئێشکگری دادپەروەریی ئەنجام دەدەین، تا دەگەینە ئەنجامێک، درێژە بە چالاکییەکەمان دەدەین”.

لە چالاکییەکەی ئزمیر، ئەندامی دایکانی ئاشتیی پەریهان کۆرتاک ڕایگەیاند، لە مانگی ڕەمەزاندا داوا لە وەزارەتی داد دەکەین زیندانییەکان ئازاد بکات، تیشکی خستەسەر نەبوونی زانیاری دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی: “ئەوە سێ ساڵە ڕێبەرێتیمان ناتوا‌نێت لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی کۆببێتەوە، با دەسەڵات باش بزانێت، هەرچی بکات، ناتوانێت ڕێبەری گەلی کورد و زیندانییان تەنها بکات، چارەسەری پرسی کورد بە هەڵگرتنی گۆشەگیری دەبێت و پێویستە ڕێگەی چارەسەر بدۆزرێتەوە، گۆشەگیری قەبووڵ ناکەین و دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت”.

لە چالاکییەکەی مێرسین، دایکی ئاشتی نافییە شڤان ڕایگەیاند دەیانەوێت گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت و بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت، داوای زیندانیانی مانگرتوو لە خواردن جێبەجێ بکرێت.

ب.گ

Comments are closed.