مووچەخۆران: پڕۆژەی هەژماری من بۆ کۆنتڕۆڵکردنى گیرفانى مووچەخۆرانە

کۆیە

پرۆژەی “هەژماری من” ئەو پڕۆژە بانكیەی لە ئێستادا بووەتە كێشەی گەورە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی مەسرور بارزانی پێداگرە لەوەی مووچەخۆران ژمارە حسابی لەو پڕۆژەیەدا درووست بكەن،  بەڵام مووچەخۆران ئەمە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن: ئێمە پڕۆژەی هەژماری من ڕەتدەكەینەوە، چونكە پێمانوایە پڕۆژەیەكی حزبی و بنەماڵەیە و جێگای متمانە نییە و بۆ کۆنتڕۆڵکردنى گیرفانی مووچەخۆرانە.

مەسرور بارزانى کە سەرۆکی حکومەتێکی ماوە بەسەرچووە، پڕۆژەیەکى تایبەتی خۆی بەسەر مووچەخۆراندا سەپاندووە بەناوی “هەژماری من” کە مووچەخۆران ناچار دەکات ناوی خۆیان بۆ کارتی بانکى بۆ ئەو هەژمارە تۆمار بکەن، بەڵام زۆرینەى مووچەخۆران متمانەیان بە پڕۆژەکە نییە و پێیانوایە بۆ دەست بەسەرداگرتنی مووچەیەکانیانە.

مەریوان حسن
مەریوان حسن

مەریوان حسن، مامۆستایە لە شارۆچكەی كۆیە بۆ ڕۆژنیوز وتی: تائێستا ١٤ مووچەی تەواو و ٣٦ نیوە مووچە و چارێگە مووچەمان لە لایەن دەسەڵاتی كوردیەوە دەستی بەسەردا گیراوە،لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك بە شێوازی جیاواز هەوڵمانداوە كە كە مووچەكانمان لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە پێ بدرێت، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا جێگای متمانەی خەڵكی نییە.

وتیشی: ئێمە ئەو پڕۆژەی هەژماری منە ڕەتدەكەینەوە، چونكە پێمان وایە پڕۆژەیەكی حیزبی و بنەماڵەیە و جێگای متمانە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا گیرفانی مووچەخۆران كۆنتڕۆڵ دەكات.

ئاماژە بەوەش دەدات كە چۆن لە ڕابردوو پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا و ئاویان بۆ ماڵان بەست نە كارەباكە چاكکرا نە ئاویش، بۆیە ئەم پڕۆژەیەش جگە لە خۆ دەوڵەمەند كردن و  كۆنترۆڵ كردنی گیرفانی مووچەخۆران هیچ سوودێكی تری نییە.

كاوە جەرجیس
كاوە جەرجیس

هاوکات كاوە جەرجیس، فەرمانبەرە لە شارۆچكەی کۆیە و باس لەوە دەکات، ئەمە هەژماری من نیییە، بەڵكو ئەوە ڕەش مارە بەرامبەر بە مووچەخۆران، چونكە لە ساڵی ٢٠١٤ لێ دزین و مووچە دزین، جگە لەوەی بە شەش مانگ جارێك مووچەیەك، بۆیە ئەوان ئەو پڕۆژەیە ڕەتدەكەنەوە.

وتیشی: لەهیچ شوێنێك و حكومەتێكی دیكتاتۆریشدا نەمانبینیووە کە دەست بخرێتە گیرفانی خەڵكی، ئەم دەسەڵاتە باكی بە هیچ نییە، مووچەی نەخۆشانی تالاسیما و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینان دەخوات، كە ئەمە بێ ویژدانییەكی گەورەیە.

سەعدون مەولود
سەعدون مەولود

سەعدون مەولود، مامۆستایەكی ترە دەڵێت: بەهەموو قەناعەتێكەوە ئەو هەژماری منە ڕەت دەكەمەوە، بە هەژماری خۆمی نازانم، چونكە هیچ سیقە و متمانەیەكم پێی نییە، ئەگەر مووچە بخرێتە سەر ئەو پڕۆژەیە لە داهاتوودا ئێمە خاوەنی مووچەی خۆمان نابین، لەبەر ئەوەی دەست دەخاتە گیرفانمان.

هـ.ح

Comments are closed.