چەمچەماڵ
جلوبەرگ بەشێکی سەرەکی جیاکردنەوە و پاراستنی شووناسی نەتەوەیەکە، بۆیە ژنانی کوردیش بە گرنگییەوە باس لە جلوبەرگی کوردیی دەکەن و دەڵێن: ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پاراستنی کەلتووری کوردیی و بەتایبەت جل و بەرگی کوردی کە هەمیشە وەک خۆی ماوەتەوە لەناوماندا.
جلوبەرگی کوردیی بەشێکە لە شووناسی نەتەوە و ئامڕازێکی سەرەکیی ناسینەوەی کوردە، هەربۆیە بووەتە ئامانجێکی شەڕی تایبەتی دەوڵەتانی داگیرکەر بەرامبەر کورد، ژنانی شارۆچکەی چەمچەماڵیش باس لەوە دەکەن، کە پێویستە هەمووان ببنە پارێزەری ئەو جلوبەرگە ڕەسەنە و ڕێگە نەدرێت وونبکرێت.
لەو بارەیەوە میهرەبان جومعە بە ڕۆژنیوزی وت: ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لەپاراستنی کەلتووری کوردیی، ماوەیەک بەر لە ئێستا دیزاینی جل و بەرگی کوردی گۆڕانکاری بەسەرداهات بوو، بەڵام ئێستا خۆشبەختانە هەمان جۆری باوباپیرانمان هاتووەتەوە و ئێمەش بەسەری دەکەینەوە و بەڕەسەنی دەیهێڵینەوە.
سەبارەت بە جۆری جل و بەرگ و شێوازی پۆشینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، هەمان ئەو جل و بەرگە ماوە، بەڵام تاڕادەیەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە نەخش و دیزاین و شتەکانییدا.
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە نەوە لەدوای نەوە ئەو جل و بەرگانە بپارێزێت بۆ ئەوەی وون نەبێت وهەمیشە بمێنێتەوە، ژنانیش ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە پاراستنی جل و بەرگدا، بەدەر لە کار و باری ماڵ هەوڵیانداوە، کە زیاتر جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی بپارێزن، کە هەمیشە وەک خۆی ماوەتەوە لەناوماندا.
هاوکات سروە حەسەن ژنێکی دیکەیە باس لە ڕۆڵی ژنان لە پاراستنی جل و بەرگی کوردیی کرد و وتی: هیوادارم جل و بەرگی کوردیی وەک خۆی و بێ گۆڕانکاریی بمێنێتەوە، چونکە زۆر جوانە و پێویستە پارێزگاریی لەو کەلتوورە بکرێت، ئەم نەوەیەیەی ئێستا زیاتر ئاشنای جل و بەرگی کوردەواری بکرێن.
وتیشی: هیوادارم شتی باو و باپیرانمان لەناو نەچێت و بە بەردەوامی بمێنێتەو، شتێکی زۆر جوانە شتێکی ڕەسەنی کوردییە، هیوادارم هەموو ماڵێک لە ماڵی خۆیەوە دەست پێبکات و پارێزگاری لە شتە کوردەوارییەکان بکات، و زمانی کوردی لەیاد نەکەن و بەردەوامی بەرەو پێشی ببەن.
ش. ئـ
Comments are closed.