“دەوڵەتی تورک ١٠٠ ساڵە هێرش دەکات و نەیتوانیوە کورد لەناو ببات”

سلێمانی

ئەندامێكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: دەوڵەتی تورک ١٠٠ ساڵە بژاردەی سەربازیی لە دژی گەلی کورد تاقی دەکاتەوە و نەیتوانییوە کۆتایی بە کورد بهێنێت و دژی هەموو ئەزموونێکی کوردییە و بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی دەدات، دەشڵێت: نابێت هێزە کوردییەکان شەڕی کوردکوژیی بکەن، چونکە قازانجەکەی تەنها بۆ داگیرکەرانی کوردستانە.

دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆسەر باشووری کوردستان و لە هەوڵدایە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، هەڵمەتێکی داگیرکاریی نوێ بە هاوکاریی پەدەکە و حکومەتی عێراق بۆ چیای گارە ئەنجامبدات، لەو بارەیەوە، ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەبوبەكرد هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشووی هەرێمی کوردستان وتی: زۆر بوونی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستاندا پەیوەندی بە ستراتیژی نەگۆڕی دەوڵەتی توركەوە هەیە، كە دژی هەموو ئەزموونێكی كوردییە و هەوڵی لەناوبردنی دەدات.

باسی لەوەشكرد، توركیا بەردەوام پێویستی بەوەیە كێشەكانی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات، خۆی وا پێشان بدات، كە ئەو پارێزەری بەرژەوەندیەكانی گەلی توركیایە، بە تایبەتی ئێستا حكومەتی ئاکەپە لەسەر ئاستی سیاسیی و ئابووریی لە تەنگەژەیەكی گەورەدایە، هەروەها گەلی كورد باشترین دەرەنجامێك پێیگەشتبێت شكستی گەورەی ئاكەپە بوو، لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانی باكووری كوردستاندا، چونكە بوو بە پارتی دووەم و دەنگێكی زۆری لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەوڵەتی تورك باش دەزانێت، هەرگیز كێشەی ڕەوای گەلی كورد بە بژاردەی سەربازی كۆتایی پێنایەت، ١٠٠ ساڵە تورك بژاردەی سەربازی تاقی دەكاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە کۆتایی بە کورد بهێنێت، بەڵكو ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەتكردنەوەی داگیركارییەكان لەلایەن گەلی كوردەوە تۆختر دەبێتەوە.

هەڵەدنی دەشڵێت: نابێت هیچ حزبێكی هەرێمی كوردستان بچێتە ناو ئەم شەڕ و ململانێیەوە، ئەمە شەڕێكی خۆكوژیی و كوردكوژییە، قازانجەكەی تەنها بۆ داگیركارانی كوردستان دەمێنێتەوە، ئەگەر هێزە كوردستانییەكان شەڕی حزبی پارچەكانی دیكەی كوردستان بكەن و ئەو ململانێیانە بهێنینەوە ناو ماڵی خۆمان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاسان نییە بۆ عێراق بچێتە ناو ئەجێندا و نەخشە و پیلانی دەوڵەتی توركیا، چونكە كێشەكانی عێراق خۆیان كەم نین و كێشەی ئابووریی و سیاسیی هەیە، ئەم حكومەتەی ئێستا عێراق ئەوەندەی سەرقاڵی كێشەكانی خۆیەتی، هێندە سەرقاڵی كێشەی ناوچەکە نییە.

لە كۆتایدا وتی: ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە كوردستاندا كردوویەتی و هیچ ئەنجامێكی بە دەستەوە نەداوە، جگە لەو بارگرانییەی كە بۆ دەوڵەتەكەی ڕەخساندوویەتی، بەهۆی ئەوەشەوە چەندین حكومەتی یەك لە دوای یەكی توركیا هەرەسی هێناوە، كۆتا دانەش ئاك پارتییە، كە بەشێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵاوسانە ئابوورییەی، كە بەهۆی تێچووی شەڕەوە درووستی كردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.