بە پێدانی نەمام ڕێز لە ماندوبوونی ژینگەپارێزان گیرا

ناوەندی هەواڵەکان

وەك وەفایەك بۆ ماندوێتیان لەلایەن ژنە چالاكوانێكەوە، ڕێز لە ژینگە پارێزانی هەڵەبجە گیرا، ئەو ژنە چالاکوانە لەڕێگەی پێدانی نەمامەوە دەیەوێت ڕێژەی سەوزای زیاد لە شارەکەى بكات، پەیامیشی بۆ هاوڵاتییان ئەوەیە هەموان هاوكاربن لە پاك ڕاگرتنی ژینگەدا.

ئەمڕۆ، لە هەڵەبجە، لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، بەهار کەریم، کە چالاکوانێکی هەڵەبجەیە، نیوەڕۆ خوانێکی بۆ ژینگەپارێزانی شارەکە ڕێکخست، هەروەها ١٥٠ نەمامی وەک دیاری بەسەریاندا دابەشکرد.

بەهار كەریم
بەهار كەریم

بەهار كەریم، چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ڕۆژی ژینگەی كوردستان، بەپێی توانای خۆم نیوەڕۆ خوانێكم بۆ ژینگەدۆستانی سنووری هەڵەبجە ڕێكخست، كە ژمارەیان ١٥٠ ژینگەپارێزە، ئەوەش وەك وەفایەك بۆ ئەو خزمەتەی ڕۆژانە و بە بەردەوام بە ژینگەی ناوچەكەی دەكەن.

وتیشی: لەگەڵ نیوەڕۆ خوانەكەدا وەك دیارییەك كە لەلایەن چەند دڵسۆزێكی ژینگەدۆستەوە دابینكراوە، ١٥٠ نەمام بەسەر ژینگەپارێزەكاندا دابەشدەكەین، بۆ ئەوەی هەركەسە و لەماڵی خۆیدا نەمامێك بچێنێت تا شارەكەمان سەوزتر و جوانتر بكەین، ئەو ڕێژە سەوزاییەی كە هەیە زیاتری بكەین.

ڕۆژانە لەلایەن ژینگەپارێزانەوە، لە هەڵەبجە بڕی ١٤٠ تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و فڕێدەدرێت، لەو ڕێژەیەش ١١١ تەنی خۆراكە، بەشەكەی دیكەی ماددەی پلاستیك و نایلۆنە، کە دەكرێتەوە ژینگەوە، ئەوەش مەترسییەكی گەورە لەسەر تەواوی پێكهاتەكانی خاك دروستدەكات.

ب. جـ

Comments are closed.