کەس و کاری ئەنفالکراوان بە ئاواتی دادگایکردن و سزادانی موستەشارەکانن

چەمچەماڵ

کەس و کاری قوربانیانی ئەنفال داوا دەکەن جاش و مستەشارەکان دادگایی بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن و دەڵێن: ئێمە ساڵانێکە ئەو داوایە دەکەین، بەڵام جێبەجێ ناکرێت، چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین جاش و مستەشارەکان دادگایی بکرێن و مافەکانی ئێمەیان لێوەر بگیرێتەوە.

٣٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە پڕۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی ڕژێمی بەعسی فاشیست بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی گەلی كورد و لەناوبردنی هەموو ئاسەوارێکی کوردبوون لە باشووری کوردستان، ڕژێمی بەعس ئەو تاوانەى بە هاوکاری و چاوساغی جاش و موستەشارەکان کرد کە کورد بوون و پێش سوپا و تانکی ڕژێمی بەعس کەوتن.

لە پاش تێپەڕ بوونی  ٣٦ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەنفالی سەر گەلی کورد لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، تا ئێستا جاش و مستەشارەکان و بەشداربووانی ئەو تاوانە نەک دادگایی نەکراون بەڵکوو بە پلەی بەرزی سەربازیی خانەنشین کراون و لەلایەن دەسەڵاتدارنی هەرێمەوە داڵدە دراون، ئەمەش نیگەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوانی لێ کەوتووەتەوە و داوای بە سزاگەیاندنیان دەکەن و لەمبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

قوباد ئیبراهیم
قوباد ئیبراهیم

قوباد ئیبراهیم یەکێکە لە کەس و کاری ئەنفالکراوان بۆ ڕۆژ نیوز وتی: وەک کەس و کاری ئەنفالکراوان دەمانەوێت جاش و مستەشارەکان دادگایی بکرێن، بەڵام تا ئێستا بە هیچ شێوەیەک دادگایی نەکراون، ئێمە ساڵانێکە ئەو داواکارییەمان هەیە و ڕەتدەکرێتەوە، کەس و کاری ئەنفالکراوان ئەوە داواکاریانە کە ئەو جاش و مستەشارانە دادگایی بکرێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، جاش و موستەشارەکان لە لایەن هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمەوە ئەو داوایەیە کەس و کاری ئەنفالکراوان پشتگوێ خراوە، هەردوو حکومەت خۆیان بێدەنگ کردووە، کەس و کاری ئەنفالکراوان ساڵانێکە ئەو داواکارییەیان هەیە و کەس گوێیان لێناگرێت و ڕەت دەکرێتەوە، دەشڵێن: ئێستاش ئێمە ئەو داواکارییەمان هەیە.

سەمیعە سابیر یەکێکی دیەکەیە لە کەس و کاری ئەنفالکراوانە سەبارەت بە دادگاییکردنی جاش و مستەشارەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز وتی: ئێمەش چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین جاش و مستەشارەکان دادگایی بکرێن و حەقمان بکەنەوە، لێیان حەقی برا و کەسەکانمان بکەنەوە لێیان، بەڵام نایکەن تاکەی ئەوە ٣٦ساڵە ئێمە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین.

سەمیعە سابیر
سەمیعە سابیر

وتیشی: دڵخۆش دەبین بە دادگاییکردنی جاش و مستەشارەکان، براکانی ئێمە ڕۆشتن و ئێستا ئەوان سەربەرز و ئازادن، حەق بە ئەوان ئەدرێت حەق بە ئێمە نادرێت، ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان نییە ئەیان دەینە دەستی خوای گەورە، خوای گەورە حەقمان بسەنێت.

سەمیعە سابیر بەدڵێکی پڕەوە باسی لە ئەنفالکردنی براکەی کرد و دەشڵێت: زۆر دەرد لە دڵمدایە، بەڵام ناتوانم بیڵێم برا و براژنەکەی من زۆر بەستەم شەهیدکران، کەس و کارەکەم گشی داماو بوون، کەس و کارەکانمانیان لەناو تەنوردا دەردەهێنا کە خۆیان تێدا شاردبوەوە، بەپێش چاومانەوە دەبردران ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکمان نەبوو.

هـ.ح

Comments are closed.