ئایا گرێبەستی كڕینی فڕۆكە بەرامبەر داخستنی دۆسییەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بووە؟

بەغدا- وسام زەهرونی

یەكێك لە دەستەكەوتەكانی سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمریكا، كڕینی فڕۆكەی ئەمریكی بوو، كە ڕۆڵێكی گرنگی لە  پاڵپشتی لۆجستیكی و پاڵپشتیكردنی هێزی ئاسمانی عێراق هەیە، شارەزایانیش  داوا دەكەن، بەرپرسیارێتی تەكنیكی ئەو فڕۆكانە تەنها لە دەستی لایەنی عێراقیدا بێت.

ئەمریكا بە نرخێكی كەم ئەم فڕۆكانەی  بە عێراق داوە، ئەمەش چەند ئامانجێكی سیاسی لە پشتەوەیە، یەكەمیان هەوڵی ئەمریكایە بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق لەم قۆناغەدا، مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكایە لە عێراق.

عەلا نشوع شارەزای بواری ئەمنی بە ڕۆژنیوزی ڕایگەیاند، هاوكاریی سەربازیی عێراق و ئەمریكا لە ڕووی پاڵپشتی لۆجستییەوە پەیوەندییەكی گرنگ درووست دەكات، دەبێتە هۆی پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە بواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی جووڵەیان، هەروەها پشتگیرییەكی باشی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا .

عەلا نشوع
عەلا نشوع

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ڕێككەوتنەی بۆ دابینكردنی فڕۆكەی پاڵپشتی لۆجستی C172 و C208  واژۆكراوە لەسەر داوای عێراق بووە، لەلایەن ئەمریكاوە بە نرخێكی كەم بە عێراق دراوە، ئەم فڕۆكانە كاردەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی یەكە سەربازییەكان لە ئاسانكاریكردن بۆ كارەكانیان.

دەشڵێت: هێزی ئاسمانی عێراق لە ڕووی چەكسازی و توانای شەڕەوە پێشكەوتووە، پێویستە عێراق  دیدگای نیشتمانی لەسەر هەموو گرێبەستە سەربازییەكان هەبێت، بۆ ئەوە بزانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو جۆرە چەكەكان بكرێت، هەروەها سنووری بەكارهێنانی جوگرافییان بزانرێت.

پنتاگۆن بڵاوی كردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕێككەوتنێك بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆكانەی كە بۆ پاڵپشتی لۆجستی و مەشق و ڕاهێنان دیاریكراون بە عێراق، كە تێچووی نزیكەی ١٤٠ ملیۆن دۆلارە.

پنتاگۆن دەشڵێت: ئەو فڕۆكانەی بە عێراق دەفرۆشرێن بۆ مەشق و ڕاهێنان و پاڵپشتین، كە بریتین لە C-172 و AC-RC208، هەروەها بەڵێندەری سەرەكی لە گرێبەستەكەدا نۆرسرۆپ گرومان دەبێت.

هاوکات عەباس شاتری، شرۆڤەكاری سیاسی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سوودانی كاتێك چوو بۆ دیداری سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن، دڵنیا بوو لەوەی ناتوانێت باسی هەموو بابەتەكان بكات، لەوانەش دوورخستنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بۆیە كاری كرد سەردانەكە بۆ بەدەستهێنانی كۆمەڵێك لایەنە گرنگ بقۆزێتەوە.

عەباس شاتری
عەباس شاتری

باسی لەوەشكرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرنجی خستە سەر سود وەرگرتن لە پرسە سەربازییەكان و كولتووری و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان، بە جۆرێك پاڵپشتی لۆجستیكی ئەمریكا بۆ عێراق هەبێت، لە پرسی ڕادار، پرسی زانیاری، پرسی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تەنانەت مانگە دەستكردەكانیش، ئەمانە باشترین ئەنجامن كە سوودانی توانی لە دەرەوەی چوارچێوەی گفتوگۆكردن بەدەستی بهێنێت.

سوپای عێراق خاوەنی ٣٦١ فڕۆكەی جەنگی مۆدێلی جۆراوجۆرە، ئەمەش وایكردووە هێزی ئاسمانی عێراق لە پلەی ٢٩ی جیهاندا بێت، بۆ ئەمساڵ، خەرجی بەرگرییەكەی بە نزیكەی ٥.٧ ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

١٤ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە، بەڵام سوودانی دۆسییەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق پشتگوێ خست، كە گرنگترین و مشتومڕی دۆسییە بوو لەم دواییانەدا، سوودانی تەنها وتی: عێراق پابەندە بە ئەنجامی لیژنە هاوبەشەكان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەركی هێزەكان هاوپەیمانان.

پێشتر باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند بوو، دوای كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەمان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی، سوودانی ڕێككەوتنێكی لە بواری چەكدا لەگەڵ ئەمریكادا بە مەبەستی كڕینی ٤١ فڕۆكەی جەنگی واژۆكردووە.

هـ.ئ

Comments are closed.