ئایا سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئوردن ئاساییە یان مەبەستی شاراوەی لەپشتە؟

ناوەندی هەواڵەکان

لەبەر ڕۆشنایی گرژییە ناوچەیی و ناوخۆییەکان، پێشبینی سیاسیی بۆ دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، هەروەها سەردانەکەی لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئوردن، بۆچوونی پسپۆڕانی دابەشکرد لەنێوان ئەوەی کە ئایا سەردانەکەی سەرۆک کۆمار ڕۆتینی بووە یان مەبەستی شاراوەی لە پشتەوە بووە.

سەرۆک کۆماری عێراق، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئوردن بە هاوڕێیەتی شاندێکی حکومەتی عێراق کە پێکهاتووە لە خالید بتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و تالیب خەلیل ڕەحی، پەرلەمانتار و ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکار.

ماهر عەلی جەودە
ماهر عەلی جەودە

شرۆڤەکاری سیاسیی ماهر عەلی جەودە، لە لێدوانیکدا بۆ ڕۆژ نیوز ڕایگەیاند، سەردانی سەرۆکی کۆمار بۆ شانشینی ئوردن سەردانێکی ئاساییە و هیچ ئامانجێکی نییە لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتەکەی.

ئاماژە بەوەشکرد، پێگەی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق پۆستێکی شەرەفمەندانە و جگە لە پرۆتۆکۆل هیچی تر نییە، هەروەها سەردانی سەرۆک کۆمارێک بۆ ئوردن لە چوارچێوەی خۆیدا بەرپرسیارێتی حکومەت یان پرۆسەی یاسادانان هەڵناگرێت لە پەرلەمان یان لایەنەکانی تر، بەڵکو تەنیا بانگهێشتنامەیەکی بۆ نێردراوە و ئەویش وەڵامی داوەتەوە.

دەشڵێت: بە دڵنیایەوە کەسێک بە پێگەیەکی گرنگی وەک پێگەی سەرۆک کۆمارەوە لەگەڵ شاندێکی پلە باڵای وەزیر و ڕۆژنامەنووساندا دەڕوات، لە سەردانی سوودانی و ئەو شاندەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتوون بۆ واشنتۆن کەمتر نییە.

جەودە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆک کۆمار ناتوانێت ڕۆڵێکی دەستووریی و یاسایی هەبێت، جگە لەو هەڵوێستانەی کە هەمووان دەیزانن و هەندێک ئەرکی فەرمی هەیە کە کاریگەرییان لەسەر کارنامەی وەزاری نییە.

هەناردەی پیشەسازیی ئوردن بۆ عێراق لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ١٥١ ملیۆن دۆلار، هەروەک لە ڕاپۆرتێکی ژووری پیشەسازیی عەممانی ئوردندا دەریخستووە، هەناردەی پیشەسازیی ئوردن لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٩٢٦ ملیۆن دیناری ئوردنی، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە ملیارێک و ٢٧٢ ملیۆن دیناربوو لە هەمان ماوەدا.

پێشتر لە ٣٠ـی ئاداری ئەمساڵ، ئەمجەد ڕەواشدە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کارەبای نیشتیمانی ڕایگەیاندبوو، کە هێڵی پەیوەندی کارەبای نێوان ئوردن و عێراق لە ٣٠ـی ئاداردا کەوتۆتە کار.

جێگای سەرنجە ئوردن عێراق بە پایەی بنەڕەتی ئابووریی خۆی دەزانێت، بەو پێیەی زۆر پشت بە ئابووریی عێراق دەبەستێت، جا لە نەوتەوە بێت یان هەناردەکردنی کاڵاکانی، ئەمە جگە لە پشت بەستن بەبەندەری عەقەبە و سەرچاوی داهاتی عێراق لە بەندەرەکە.

دووشەممەی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم سەردانی سوودانییە بۆ واشنتۆن لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە.

موجاشع تەمیمی
موجاشع تەمیمی

سەرەڕای بۆچوونەکانی جەودە لەلایەکی دیکەوە شارەزایانی سیاسیی عێراق بۆچوونی جیاوازیان هەیە و لای خۆیەوە موجاشع تەمیمی، شرۆڤەکاری سیاسیی لە لێدوانیکیدا بۆ ڕۆژ نیوز دەڵێت: سەردانی لەتیف جەمال ڕەشید بۆ ئوردن بێ ئامانجی شاراوە نییە لەبەر ڕۆشنایی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانییدا وتی: سەردانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ ئوردن خاڵی نییە لە ئامانجی شاراوە، بەڵکو ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە، کە ئەم سەردانە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوکاتیشە لەگەڵ کاتی ململانێیەکی هەستیار کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، بە تایبەتی دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە ئامانجەکانی پەیوەستن بە ئاسایشی ناوچەکە و ئەو گرژییەی لە نێوان ئێران و ئوردندا بوونی هەیە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئوردن دووچاری زۆرێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانی ئێران بووەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، هەڕەشەی پەردەپۆشکراو لەلایەن کوتلە عێراقییەکانەوە و چەند لێدوانی ئێرانیش هەیە کە ئیدانەی پشتگیرییەکانی ئوردن بۆ ئیسرائیل دەکات.

ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت: ڕەنگە سەرۆک کۆماری عێراق بە مەبەستی گەیاندنی پەیامەکان یان هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان لە نێوان تاران و عەممان ئەم سەردانە پێشوەختەی کردبێت، ئەمە جگە لەوەی هەوڵی گەڕان بەدوای میکانیزمێکدا دەدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بە تایبەتی ئەو گرژییەی کە ناوبەناو لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و ئوردن ڕوودەدات.

ئاژانسی میهری ئێرانی، یەکشەممەی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، تاران بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی ئوردن دەکات و ئەگەر ئوردن هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیل بکات، ئەوا دەبێتە ئامانجی داهاتووی ئێران.

ڕ.ش

Comments are closed.