لە کۆبانێ و حەسەکە ساڵیادی دامەزراندنی کەژەکە پیرۆز کرا

ناوەندی هەواڵەکان

بە مەڕاسیمێکی جەماوەریی، لە کۆبانێ و حەسەکە، ١٩ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەژەکە پیرۆز کرا و ئەرکی کەژەکە؛ ڕزگاری ژنانە لە کۆیلایەتی و کۆتاییهێنانە بە ستەمکاری سەر ژنان.

بە بۆنەی ١٩ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان کەژەکە، لە شاری کۆبانێ مەڕاسیمێکی تایبەت بەڕێوەچوو.

لە ناوەندی هونەر و کەلتووری باقی خدۆ لە کۆبانێ، ژنان و نوێنەرانی بەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی فورات، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەشدارییان لە مەڕاسیمی پیرۆزباییەکەدا کرد.

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار پەیمان عەلوش قسەی کرد و وتی: “بە سایەی بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بە ئیرادەی ژنان گەیشتینە ئەم ئاستە، ئێستا هێز و بەرخۆدانی ژنان لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە.”

پاشان بەرپرسی ئەنجوومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) سارا خەلیل، دامەزراندنی کەژەکەی لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ژنان پیرۆز کرد و وتی: “ئەم پڕۆژەیەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئەوەیە ژنان ببنە خاوەن هێزی خۆیان و ڕێکخستنی خۆیان بنیات بنێن.”

دواتر جیهان محەمەد سەرۆکی کۆمیتەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، سەرنجی بۆ گوشارەکانی سەر تێکۆشانی ژنان ڕاکێشا و وتی: “هەرچەندە گوشار و هێرش بۆ سەر ژنان بکرێت، ژنان بەردەوامن لە بەرخۆدان. لە سەردەمی ئێمەدا ژنانی قەد دەسەڵاتداری بەسەر خۆیاندا قبووڵ ناکەن، ئەوان بوونەتە پێشەنگ و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزن.”

هەروەها کۆنگرە ستار بۆ یادی ١٩ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان (کەژەکە) چالاکیی ئەنجامدا. لە گەڕەکی ئەل ناسر سەر بە حەسەکە، لە چالاکییەدا ١٠٠ نەمامی گوڵی لە باخچەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چێندرا.

لە چالاکییەکەدا ڕێکخستنەکانی ژنان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و پارتەکان بەشدارییان کرد.

هەروەها نەژبیر ئەحمەد ئەندامی کۆنگرەی ستار لە چالاکییەکەدا سەرەڕای پیرۆزبایی لە ژنانی ڕۆژئاوا و کوردستان وتی: “ئەرکی کەژەکە؛ ڕزگاری ژنانە لە کۆیلایەتی و کۆتاییهێنانە بە ستەمکاری سەر ژنان، هەروەها بنیاتنانی بەڕێوەبەرییەک لەسەر بنەمای بیرۆکەی دیموکراتیک کە یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز بپارێزێت.”

ب.گ

Comments are closed.