٢٥٠ خێزانی تر لە کامپی هۆلەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق

ناوەندی هەواڵەکان

لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکانی نێوان عێراق و خۆبەڕێوەبەریی، ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ٢٥٠ خێزانی عێراقی لە کامپی هۆلەوە بۆ کامپی ئەلجەدا لە پارێزگای موسڵ لە عێراق.

بەگوێرەی دەنگی ئەمریکا، بەڕێوەبەرانی کامپی هۆل ئامادەکاریی دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی بەشێکی تر لە خێزانە عێراقییەکانی گرووپە چەتەکانی داعش، ئەمەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕێککەوتنی نێوان عێراق و خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادایە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤وە ئەمە دووەم گرووپی کەسوکاری چەکدارە عێراقییەکانی ناو گرووپە چەتەکانی داعشن، کە کامپی هۆل بەجێدەهێڵن.

ئەم گرووپە نوێیە لە ٦٢٠ کەس پێکهاتوون و ٢٥٠خێزانن، بە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریی و حکومەتی عێراق دەگوازرێنەوە.

ڕۆژی ٩ـی ئاداری ئەمساڵ، یەکەم گرووپی خێزانە عێراقییەکان کە لە لە ١٥٩ خێزان پێکهاتبوون و ژمارەیان ٦٢٢ کەسبوو، ڕەوانەی عێراق کرانەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کەمپی هۆڵ، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢١وە تا کۆتایی مانگی ئاداری ٢٠٢٤ نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

بە پێی ئامارەکان شەش هەزار و ٤٠٠ خێزانی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی ٢٢ هەزار کەس هێشتا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و زۆربەیان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ ١٧ ساڵدایە.

ب.گ

Comments are closed.