لە چەمچەماڵ پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە دەستی پێ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی پەرتووک و بە کەلتوورکردنی خوێندنەوە، لە چەمچەماڵ لەلایەن سەنتەری گەنجانی شۆڕشەوە پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بۆ گەنجان و ژنان دەستی پێ کرد.

 لەلایەن سەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکەوە پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا زیاد لە٣٠ گەنج بەشدار دەبن.

سۆران بابە بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی شۆڕش و سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز وتی: ئێمە وەک سەنتەری گەنجانی شۆڕش، بە مەبەستی دووبارە ئاشناکردنەوەی گەنجان بە خوێندنەوە، لە ڕۆژی ٢٣ـی نیسانی٢٠٢٤ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکەوە، بڕیارمانداوە چالاکییەکی پەرتووک خوێندنەوە ئەنجام بدەین و ئەو گەنجانەی بەشدار دەبن خەڵاتیان بکەین.

لەبارەی ئامانجی ئەم چالاکییە ئەو سەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجمان لەم پێشبڕکێیە ئەوەیە، کە بتوانین گەنجانمان ئاشنا بکەین بە خوێندنەوەی پەرتووک و ئاشتیان بکەینەوە لەگەڵ پەرتووکدا.

هاوکات ئاڤان شێرزاد یەکێک لەو گەنجانەی کە بەشدارە لەو پێشبڕکێیەدا، زۆر سوپاسی سەنتەری گەنجانی شۆڕشی کرد و وتی: من وەک گەنجێک سوودی زۆرم لە خوێندنەوە وەرگرتووە بەڵام ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵییەوە کەمێک لە خوێندنەوە دوورکەوتبمەوە، بەڵام سەنتەری چالاکی شۆڕش توانی ئاشتمان بکاتەوە لەگەڵ خوێندنەوە و پێشبڕکێیەکی ناوازەی بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخستووە.

لەبارەی گرنگی خوێندنەوەوە ئاماژەی بەوەدا، خاڵێک هەیە کە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە پەرتووک تاکە هاوڕێیە بێ ئەوەی هیچ شتێکی لێت بوێت لەگەڵتدا دەمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر بتوانین پەرتووک خوێندنەوە بکەینە هاوڕێی هەمیشەیی خۆمان، دڵنیابە دەتوانین گەشە بەفکرمان بدەین.

بڕیارە ڕۆژی ٢٣ـی نیسانی٢٠٢٤ بە بەشداری زیاتر لە ٣٠ گەنج لەسەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، کۆتایی بە پێشبڕکێکە بێت و براوەکان خەڵات بکرێن.

ب.گ

Comments are closed.