بەهۆی پیرۆزکردنی نەورۆزەوە ئێران دوو کوردی دەستگیر کرد

ناوەندی هەواڵەکان

دوێنێ دوو هاووڵاتی تری کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە پیرۆزباییەکانی جەژنی نەورۆزەوە، لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتی شاری میاندواوی ڕژێمی ئێرانەوە بانگکراون و پاشان دەستگیر کراون.

هەریەک لە ئومێد قادرنەژاد و موحسین قادرەڕەش، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شاماتی سەر بە شاری میاندواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە هاوسنوورە لەگەڵ شاری مهاباد، ڕۆژی چوارشەمە واتا دوێنێ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستگیر کران.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانەکانیانەوە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز دەستگیر کراون و دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی میاندواو گواستراونەتەوە.

لە مانگی ڕابردووشدا هونەرمەندێکی کورد بە ناوی محەمەد عەباسزادە، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە پارێزگای ئیلام دەستگیر کراون.

هەر لە مانگی ئادار هونەرمەند حەسەن کاکەییش بەهۆی گۆرانی وتنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆکان دەستگیر کرا، بەڵام پاش لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیدا ئازاد کرا.

بەگوێرەی ئامارەکان، لە جەژنی نەورۆزەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٢٦ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  دەستبەسەر کراون، لە کۆی ئەم هاوڵاتییانە هەشت کەسیان ڕەوانەی زیندان کراون، بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و سەدان هاووڵاتی دیکەش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ب.گ

Comments are closed.