جۆ بایدن پڕۆژەیاسایەکی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراین واژۆ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

لە کاتێکدا هێزەکانی ئۆکراین چەک و تەقەمەنییان لە گۆڕەپانی شەڕدا کەمبووەتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پڕۆژەیاسایەکی واژۆ کرد کە ڕێگە بە یارمەتییە سەربازییە زۆر پێویستەکان دەدات بۆ ئەو وڵاتە.

ئەمڕۆ چوارشەمە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پڕۆژەیاسایەکی واژۆ کرد کە ڕێگە بە یارمەتییە سەربازییە زۆر پێویستەکان دەدات بۆ ئۆکراین و ڕایگەیاند، واشنتن لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەست دەکات بە ناردنی هاوکاری نوێ بۆ کیێڤ.

بایدن سەبارەت بە یاساکە دەڵێت: ئەمە ئەمریکا پارێزراوتر دەکات، جیهان پارێزراوتر دەکات و سەرکردایەتیی ئەمریکا لە جیهاندا بەردەوام دەکات و هەمووانیش دەزانن.

بایدن وتیشی: ئەمە پشتیوانییەکی گرنگ دەدات بە هاوبەشەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانن بەرگریی لە خۆیان بکەن دژ بە هەڕەشەکان بۆ سەر سەروەری خۆیان و بۆ سەر ژیان و ئازادییەکانی هاوڵاتییان.

واژۆکردنی پڕۆژەیاسای یارمەتییەکان دوای چەند مانگێک لە مشتومڕێکی توند لە نێوان یاسادانەراندا لەسەر چۆنییەتی یارمەتیدانی ئۆکراین و ئەوەی کە ئایا پێویستە یارمەتی ئۆکراین بدرێت یان نا، لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کرا.

ئەمریکا پشتیوانێکی سەرەکی سەربازیی ئۆکراین بووە، بەڵام کۆنگرێس نزیکەی ساڵ و نیوێک بوو هاوکاری دارایی فراوانی بۆ کیێڤ پەسەند نەکردبوو و دابینکردنی پارەی شەڕەکە بووەتە خاڵی مشتومڕ لە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمدا.

ب.گ

Comments are closed.