لە کەرکووک کوڕێک دایکی خۆی کوشت

ناوەندی هەواڵەکان

میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەرى کەرکووک، کوڕێک بە چەک لە ماڵەکەی خۆیاندا دایکی خۆی کوشتووە و پۆلیسیش لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.

ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، لە گوندی تەرکەلانی سەر بە شارەدێی تۆپزاوا لە باشووری ڕۆژئاواری کەرکووک، کوڕێک بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف فیشەکی بە دایکییەوە ناوە و کوشتوویەتی.

لە هەواڵەكاندا ئاماژە بەوەدراوە “‌له‌ گوندی ته‌ركه‌لانی باشووری ڕۆژئاوای كه‌ركووك، گه‌نجێک به‌ چه‌كی جۆری كڵاشینكۆف ته‌قه‌ی له‌ دایكی خۆی به‌ناوی (س، ع، م) كرد به‌ سه‌ختی بریندار بوو، بەهۆی ئەوەی فیشه‌كەكە به‌سه‌ر سینگی ژنەکە كه‌وتووه‌ و برینەكەی سەخت بووە، پاش كەمێک گیانی له‌ده‌ستداوە”.

پۆلیس لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، گوایە کوڕەکە بە هەڵە و لە کاتی دەستکاریی کردنی چەکەکە فیشەکی لە دایکی داوە، بەڵام لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

کۆتایی ساڵی ڕابردوو هەر لە کەرکووک هەواڵی کوژرانی ژنێک بە هەڵە لەلایەن کوڕە حەوت ساڵانەکەیەوە بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر ئاشکرا بوو، کە ڕووداوەکە بە هەڵە نەبووە و بەڵکو هاوژینی ژنەکە کوشتوویەتیی.

لە مانگی نیساندا ئەمە چوارەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لە باشووری کوردستان، بەوەش کۆی گشتی لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٠ حاڵەتی کوشتن یاخود گیانلەدەستدانی  گوماناویی ژنان.

ش. ئـ

Comments are closed.