سی پی تی ئامادە نییە لەبارەی دۆخی ڕێبەر ئۆجالان زانیاریی بخاتەروو

ناوەندی هەواڵەکان

سکرتێری کۆمیتەی ڕێگریی لە ئەشکەنجەی ئەوروپا ڕایگەیاند، لە نزیکەوە ئاگاداری گۆشەگیریین لە دژی ئیمرالی و هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پارێزەرانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دیدارمان ئەنجامداوە، ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی دوو ساڵ زیاترە سی پی تی ئامادەن نییە زانیاریی لەبارەی ڕێبەر ئۆجالانەوە بخاتەڕوو.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، هووگ چیتویند، سکرتێری گشتیی CPT خۆی لە پرسیارێكی پەیامنێری “ستێرک تیڤی” دەدزێتەوە و بە ناڕوونی وەڵام دەداتەوە، کە دەربارەی گۆشەگیریی و بارودۆخی ئیمرالیی لێی کردبوو.

چیتویند وتی: هەرکاتێک سەردانی تورکیا دەکەین، لەسەر ئەو کێشانە لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا گفتوگۆی نهێنی دەکەین، ئەمە بابەتێکە کە بە گرنگەوە لەسەری ڕادەوەستین، دەمانویست ڕاپۆرتی خۆمان لە بارەی سەردانەکانی ساڵی ٢٠٢٢ ئاشکرا بکەین، بەڵام ئەوەی کە بڕیار دەدات ئەو ڕاپۆرتە ئاشکرا بكرێت کاربەدەستانی تورکن، بۆ ئەو مەبەستە هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پارێزەری بەڕێز ئۆجالان دیدارمان ئەنجامدا، کاتێک کە بە گونجاومان زانی لە بارەی ئەو کێشەیەوە سەردان دەکەین.

شایەنی باسە تا ئێستا، سی پی تی ڕاپۆرتی سەردانی بۆ ئیمرالیی لە ساڵی ٢٠٢٢ ئاشکرا نەکردووە، هەروەها مانگی شوباتی ئەمساڵ چووە تورکیا، بەڵام سەردانی ئیمرالی نەکرد، ماوەی ٣٨ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە بەدەست نەگەشتووە، هەروەها پارێزەران و خانەوادەکەی هەفتانە داوای ئەنجامدانی دیداری دەکەن، بەڵام وەڵامیان نادرێتەوە.

بۆ کۆتاییهێنان بەو گۆشەگیرییە و مسۆگەر کردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان، تێکۆشانێکی بێناوبەر دەکرێت، زیاندانییانی سیاسیی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک، بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسیی بۆ دۆزی کورد، لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ـەوە، لە چالاکیی بەردەوامن، هەروەها کەسوکاری زیندانییانیش چەندین مانگە درێژەیان بە چالاکیی ئێشکگریی دادپەروەریی داوە.

ب. جـ

Comments are closed.