چالاكوانانی ژینگە: بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك كارەساتی ژینگەیی لە كوردستان دروستكردووە

هەڵەبجە

چالاكوانانی ژینگە لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن، ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن لەبەردەوامی بۆردوومانەكانی دەوڵەتی داگیرکەری تورك و باس لەوە دەكەن، بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ژینگەی هەرێم بە تەواوی بەرەو لەناوچوون وێرانە دەڕوات، دەشڵێن: ئەگەر بەری پێنەگیرێت دارستانە سروشتییەكانی ناوچەكە گەورەترین مەترسی لەناوچوونی زۆریان لەسەرە.

بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك بە فڕۆكەی جەنگ و بێ‌ فڕۆكەوان بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، بەهۆیەوە چەندین ناوچەی گەشتیاری و سروشتی ناوچە كوێستانییەكان، هەزاران داری تەمەن سەدان ساڵە لەناوچوون، حكومەتی هەرێمیش جگە لە داخستنی فەرشی سور بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورك هیچ هەڵوێستەیەكیان لەسەر ئەو بۆردوومانانە نییە.

بەشێک لە چالاکوانانى ژینگە لە شاری پێنجوێن لەسەر پرسی بۆردوومانەکان و وێرانکردنى ژینگەى هەرێم لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەری تورکەوە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئیدریس محەمەد
ئیدریس محەمەد

ئیدریس محەمەد ئەندامی ڕێكخراوی ملەكەوە بۆ پاراستنی ژینگە وتی: پێنجوێن خاوەنی دارستانێكی سروشتی و تەواو بەرفراوانە ئەم دارستانانە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی زۆری لەناوچوون بووەتەوە، هەم لەناوخۆ هەمیش بە دەستی دەرەكی، ئەوەشی جێگەی داخە بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورك و لە ئێرانیشەوە لەسنوورەكانەوە ئاگر لەدارستانەكان بەردەدرێت.

وتیشی: ئەو بۆردوومانانەی دەوڵەتی تورك  چەند ساڵێكە لە سنوورەكە دەیكات بەبیانووی گەریلاکانی پەكەكە، ئەوە بیانوویەكی ناڕەوایە بەو بیانووە سروشت و ژینگەی ناوچەكە لە ناوبەرێت، هەم زیانی بۆ خەڵك و دارستان و كشتوكاڵی ناوچەكەش درووستكردوە.

ئەو چالاکوانە ڕوونیدەکاتەوە ساڵانە چەندین هەزار دۆنم زەوی بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیاوە دەسوتێن، ئەوەش هەرگیزاو هەرگیز قەرەبوو ناكرێتەوە، چونكە بەوتەى ئەو دارستانەی بەهۆی بۆردوومانەوە لەناودەچێت كاریگەرییەكەی بەسەدان ساڵ دەمێنێتەوە، سروشتی ناوچەكە ناتوانێت دارێكی لەوجۆرە بەرهەم بێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی گەشەكردنی داربەڕوو مازوو زۆرخاوە تادەگاتە درەختێكی پێشكەوتوو.

ئیدریس محەمەد دەشڵێت: ئەو بۆردوومانانە وادەكات سروشتی ناوچەكە بە تەواوی بشێوێنێت، چەندین داواكاری و یاداشتیانداوەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی سنورێك بۆ ئەو دەستدرێژیكردنەی سەر سروشت لەلایەن ئێران و توركیاوە دەكرێتە سەر ناوچەكەمان دابنرێت، بەڵام بەداخەوە كەس گوێمان لێناگرێت.

هاوسەر ئەمین
هاوسەر ئەمین

هەر لەسەر ئەو پرسە هاوسەر ئەمین ئەندامی ڕێكخراوی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز بۆ ڕۆژنیوز وتی: كوردستان یەكێك لەو ناوچانەی ژینگەیەكی تەواو جوانی هەیە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بۆردوومانی وڵاتانی دراوسێوە خەریكە ژینگەكەمان وێراندەبێت و لەناودەچێت، ئەوەش بۆخۆی كاریگەری لەسەر سروشت و لەناوچوونی ژینگە درووستدەكات، بەهۆیەوە بە هەزاران درەختی گەورە و سەدان ساڵە لەناوچووە، ئەوەش گەورەترین كارەساتە بەسەر ژینگەی وڵاتەكەماندا دێت.

وتیشی: حكومەتی هەرێم هیچ ڕێكارێكی وای نەگرتووەتە بەر بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی كوردستان، ئەگەر لەهەر وڵاتێكی دیكە بوایە گەورەترین بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی درووست دەكرد، چونكە هەموو ژیان پەیوەستە بە ژینگەوە، ژینگەش نەبێت ژیانیش نابێت.

ئەو چالاكوانەی ژینگە ڕوونیدەکاتەوە، هەرێم تەنها ژینگەی سروشیتی نییە، بەڵكو ژینگەی ئابوری سیاسی كۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری و تەندروستیمان هەیە، ژینگەی سروشتی ترۆپك و دایكی هەموو ژینگەكانە، ئەگەر نەتوانرێت بەرگری لەژینگەی سروشتی بكەیت ناتوانیت بەرگری لەژینگەكانی دیكە بكەیت.

هاوسەر ئەمین ڕەخنەی ئەوە لە حكومەت دەگرێت و دەڵێت: حكومەت وەك پێویست نەیتوانیوە پارێزگاری لە ژینگە و بەرگرتن بە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بگرێت، دەبینین چەندین دارستان و شوێنمان سوتاون چی لەناوچەی بادینان بێت یان سنورەكانی پێنجوێن، بینیشمان لەچۆمان بەهۆی گۆڕینی ڕەگەزی درەختێك بەموتەربەكردن چەندین خەڵكی هاتنە سەرخەت و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

هـ.ح

Comments are closed.