بە بەشداری نێچیرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بڕیارە ئەمڕۆ ھاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا لەسەر چەند پرسێکی سیاسی و هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم کۆببێتەوە و نێچیرڤان بارزانى و بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە سەبارەت بە چەند پرسێکى سیاسی و ناوخۆیی عێراق بەڕێوە دەچێت.

میدیاکانى عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە لەو کۆبوونەوەیەدا سوودانى ئەنجامی سەردانەکەى بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە و هەروەها دواین سەردانى ئەردۆغان بۆ عێراق دەخاتەڕوو.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هەر لەو کۆبوونەوەیە بریارە باسی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بکرێت و هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانى جێگری سەرۆکی پەدەکە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تاوتوێ بکرێت.

هەروەها بڕیارە ھەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ماوەبەسەرچووی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادی عێراق و موحسین مەندەلاوی سەرۆکی کاتی ئەنجومەنی نوێنەران و لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەڵبژاردنى هەرێم کۆبێتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.