لە سەرەتای ئەم مانگەوە چوار کۆڵبەر لەلایەن هێزە چەکدارەکانى ئێرانەوە کوژراون

ناوەندی هەواڵەکان

هێزەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامن لە تاوانەکانیان بەرامبەر بە کوردان، لە ماوەی کەمتر لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا، چوار کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و سەقز کوژراون، ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ٢٣٠ کۆڵبەر کوژرا و برینداربوون.

بەپێی زانیارییەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هێزەکانی ڕژێمی ئێران، چوار کۆڵبەری کوردیان لە سنووری بانە و سەقز کوشتووە.

ڕۆژی ١ـی ئایار، کۆڵبەرێک بەناوی هێمن ئەحمەدی، لە ناوچەی سنووری بەستامی سەقز بە تەقەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا، هەروەها لە ٢ـی ئایار کۆڵبەرێک بە ناوی جەللا سۆهرابی، خەڵکی گوندی تاژانی بانە لە ناوچەی سنووری سورکێوی هەم ناوچەیە کوژرا.

ڕۆژی ٥ـی ئایار، کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا ڕۆستەمپور، خەڵکی سەقز لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کوژرا، ڕۆژی ٧ـی ئەم مانگە، کاسبکارێکی کورد بە ناوی محەمەد قادری خەڵکی گوندی شوێی بانە، لە ناوچەی سنووری گڵەسوورەی بانە، لە مەودایەکی نزیکەوە بە تەقەی هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژراوە.

ئەو کاسبکارە خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە و لە خاڵێکی پشکنین بە بێ ئاگاداری پێشوەختە دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە.

هەر لەم ماوەدا، دوو کۆڵبەریش برینداربوون، کە یەکێکیان کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی ئاریا مەمەندی، خەڵکی سەردەشت بە هۆی بەرکەوتنی ساچمە بەر ڕووخساری، چاوێکی لەدەستداوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان و ئەو زانیارییانەی گەشتووەتە دەستی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

ب. جـ

Comments are closed.