٧٥٠ کەس لە کامپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق

ناوەندی هەواڵەکان

گەڕاندنەوەى هاوڵاتییە عێراقییەکان لە کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ عێراق بەردەوامە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش دەڵێت: ٧٥٠ کەس کە بە ڕەگەز عێراقین و لە کامپی هۆلى ڕۆژئاوای کوردستانن دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.

گەڕاندنەوەى کەسوکاری هاوڵاتییە پەنابەرەکان و هاوکات کەسوکاری چەتەکانى داعش کە بە ڕەگەز عێراقین بۆ عێراق بەردەوامە و وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقیش گەڕاندنەوەى ٧٥٠ کەسی بۆ نەینەوا ڕاگەیاند.

لەڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دوای تەواوکردنى ڕێکارەکان و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە بەرپرسەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریا ١٩٢ خێزان کە لە ٧٥٠ کەس پێکهاتوون لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێنێتەوە عێراق.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەى بەوەش کردوە، ئەو کەسانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ نەینەوا، بەڵام ئاماژەى بەوە نەکردووە، ئەو ٧٥٠ کەسەی دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق پەنابەرانن کە بەهۆی شەڕی چەتەکانى داعشەوە کۆچییان کردووە، یان کەسوکاری چەتەکانى داعشن.

بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، نزیکەى ٢٠ هەزار عێراقی لە کامپی هۆل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتى سووریادان و کە زۆرینەى هەرە زۆریان  ژن و منداڵی خوار تەمەنى ١٨ ساڵن.

هاوکات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا دوو هەزار خێزان لەو کامپەوە گەڕێندراونەتەوە عێراق کە لە نزیکەى هەشت هەزار کەس پێکهاتوون.

هـ.ح

Comments are closed.