هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ پەسەند کرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی کرد، کە بڕگەی (هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان) بۆ کارنامەکەی دانیشتنی ئەمڕۆ زیاد بکرێت.

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران زیادکردنی بڕگەی ‘هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان’ بۆ خشتەی کاروباری ئەنجوومەنەکە پەسەند کرا.

بڕیار ڕەشید ئەندامی فراکسیۆنی یەنەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆ بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران، بڕگەی ‘هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق’ بۆ خشتەی کاروبارەکان زیاد کرا.

بڕیار ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، پێشووتر پەرلەمانتارانی عێراق ١٥٠ واژۆیان کۆکردبوویەوە بۆ ئەو مەبەستە، ئەمڕۆش ئاڕاستەی موحسین مەندەلاوی سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان کرد.

وتیشی: لە دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی دەنگدانەوە، لە نێوان (مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی و تەلال زوبەیعی) یەکێکیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێرێن.

ب.گ

Comments are closed.