بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقیی زیاتر دابەزی

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقیی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیوە بینی و لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیی لە بازاڕەکانی دراودا، بەرامبەرە بە ١٤٥ هەزار و ٦٠٠ دینار.

لە پاش سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، کە لە شەوی ١٥ـی ئەم مانگە بە یاوەری شاندێكی باڵا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبووەوە، بەهای دۆلاری ئەمریکی وردە وردە ڕووی لە دابەزین کرد بەرامبەر دیناری عێراقیی، ئەمشەویش نزمیترین ئاستی ئەم ماوەیەی دوایی تۆمار کرد و بەهای ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٥ هەزار دینار.

لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیی لە بازاڕەکانی دراودا لە هەرێمی کوردستان بەرامبەرە بە ١٤٥ هەزار و ٦٠٠ دینار.

جێگەی ئاماژەیە، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن سوودان و بایدن باسیان لە هەوڵەكانی عێراق كرد، بۆ چاكسازیی لە كەرتی دارایی و بانكییدا، كە یارمەتیدەرن بۆ بەستنەوەی عێراق بە ئابووریی نێودەوڵەتی و زیاد كردنی بازرگانیی، هاوكات پاراستنی گەلی عێراق لە كاریگەرییە زیانبەخشەكانی گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە، چونكە زۆرینەی كارەكانی دارایی بازرگانیی ئێستا لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنییەوە ئەنجام دەدرێت، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی و ڕێوشوێنەكان بۆ باشتركردنی وەبەرهێنان لە عێراق و بۆ ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابووریی عێراق كردەوە.

ئەمەش وایکرد، کە تا ئاستێک متمانە بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ و دۆخی ناجێگیری بەهای دیناری عێراقیی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکیی بەرەو سەقامگیریی بڕوات و بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە.

ب.گ

Comments are closed.