هەڵبژاردنى خولی دووەمی پەرلەمانى ئێران دەستی پێکرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ دەنگدان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستی پێکرد و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕێژەى بەشداریکردن لە کەمترین ئاستدایە و ناوەندەکانى دەنگدان چۆڵن.

بەیانی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە سەرجەم شارەکانى ئەو وڵاتە دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ کاتژمێر ٨ـی بە کاتی تاران بنکەکانی هەڵبژاردن بە ڕووی دەنگدەرانی ئەو وڵاتەدا کرانەوە و دەنگدان بۆ خولی دووەمی ١٢ـەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستپێکرد.

لە خوولی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا، کە لە ٢٢ بازنەی هەڵبژاردن و لە ١٥ پارێزگا بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەکە بۆ دیاریکردنى چارەنووسی ٤٥ کورسییە.

خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا کە لە١٠ـی ئازاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو کە لە کۆی ٢٩٠ کورسی پەرلەمان چارەنووسی ٢٤٥ کورسی یەکلایی کرایەوە و ٤٥ کورسی دیکە مایەوە بۆ خولی دووەم.

لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا ٩٠ کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٤٥ کورسیی پەرلەمانی ئێران دەکەن.

لەو ٢٢ بازنەیەی کە خولی دووەمی هەڵبژاردن تێدا بەڕێوەدەچێت، دوو بازنەیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانن، لەو دوو بازنەیە ٨ کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی چوار کورسییەکە دەکەن، دوو کورسی لە بازنەی کرماشان و دوو کورسی لە بازنەی خوڕەمئاوا.

میدیاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاشکرایان کردوە، کە ئەمڕۆ ئاستی بەشداری لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەو هەڵبژاردنە زۆر کەم و لاواز بووە و هاوڵاتییانى کورد وەک بڵێی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە وایە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، ناوەندەکانى دەنگدان لە شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان چۆڵن و تەنیا ئەو کەسانە دەچن بۆ دەنگدان کە سەر بە دەوڵەتن یان لە دەوڵەتەوە نزیکن و دەرفەتى نەچوونیان نییە، بەڵام هاوڵاتییانى دیکە تا ئەم کاتە بەشێوەیەکی زۆر کەم دەچن بۆ دەنگدان.

هـ.ح

Comments are closed.