سەرۆکی هەرێم بە دەستی بەتاڵ لە بەغدا دەگەڕێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەگەرچی چەندین کێشەی هەڵپەسێردراو لەنێوان بەغداد و هەرێمدا هەن و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دۆخ و گوزەران و ژیانی هاوڵاتییانی هەرێمەوە هەیە، لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە هەولێر و وەک خۆی دەڵێت: بڕیاریانداوە درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.

ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سەردانی عێراقی کرد و  له‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه.

لە پاش کۆبوونەوەکەیان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ‌سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە بەردەوامی گفتوگۆکان لەبارەی دۆسییە هاوبەشەکانی نێوانیان کردووەتەوە، هەروەها هاوڕابوون لەوەی کاربکرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

ئەمەش دووبارەکردنەوەی هەمان قەوانە کۆنەکەیە و بەگوێرەی ئەم ڕاگەیاندراوە بێت، سەرۆکی هەرێم بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە بۆ هەولێر و هیچ پرسێک یەکلایی نەکراوەتەوە و نەگەیشتوون بە هیچ ڕێککەوتن و بڕیارێکی نوێ و دۆخەکە وەک پێشتر بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەندین پرس و کێشەی گەورە و گرنگی هەڵپەسێردراو لە نێوان بەغداد و هەولێر هەن، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە دۆخ و گوزەران و ژیانی هاوڵاتییانی هەرێمەوە هەیە، لەوانەش پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بە نیشتیمانییکردنی مووچەی فەرمانبەران و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە، هەروەها پرسی پێکهێنانی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک و دانانی پارێزگارێکی کورد و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

ب.گ

Comments are closed.